یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان لێخۆشبوونێکی دەرکرد
ئەنجوومەنی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی گشتیی لە رسوماتی ساڵانی رابردوو بۆ سەرجەم بازرگانان و پیشەوەران دەرکرد و سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێریش رایدەگەیەنێت، بڕیارەکە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی بەسەر بازرگانان و پیشەوەراندا هاتووە، ئەنجوومەنی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دەرکردنی لێخۆشبوونێکی گشتی کە سەرجەم بازرگانان، پیشەسازان و پیشەوەرانی هەرێم لە تەواوی سێکتەرە جیاوازەکاندا دەگرێتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێک لە بازرگانان نەیانتوانیوە ناسنامەکانیان نوێ بکەنەوە، راشیگەیاند "ئەم لێخۆشبوونە لە 1ـی حوزەیرانی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 30ـی تشرینی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت."
گەیلان حاجی سەعید گوتی: لە چوارچێوەی ئەم لێخۆشبوونەدا، تەنیا رسوماتی دوو ساڵی کۆتایی لە بازرگانان وەردەگیرێت و ساڵانی پێشووتر لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت.
راشیگەیاند، هەر بازرگانێک بۆ ماوەی چوار ساڵ و تاوەکو کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراو (30ـی 11) سەردانی ژوورە بازرگانییەکان نەکات بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکەی و دووپاتکردنەوەی ئەندامێتییەکەی، ئەوا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ژوورە بازرگانییەکان مافی ئەندامبوونی نامێنێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر باسی لەوەش کرد، ئەگەر چوار ساڵ بەسەر بەئەندامبوونیدا تێپەڕیبێت و ناسنامەکەی نوێ نەکردبێتەوە، بۆ ماوەی یەک ساڵ مافی ئەندامبوونی پێ نادرێتەوە، ئەگەر دوای ئەو ساڵەش داوای ئەندامێتی بکاتەوە، ئەوا قەرزە کۆنەکانی ساڵانی رابردووشی لێ وەردەگیرێتەوە.
گەیلان حاجی سەعید روونی کردەوە، ئەم بڕیارە لە ئێستا نووسینگەکانی خانووبەرە ناگرێتەوە، چونکە بەپێی یاسای دەڵاڵیی ژمارە 58، یەکێتییەکە دەسەڵاتی لێخۆشبوونی پێ نەدراوە، بەڵام لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی یاسایی بە مەبەستی کارئاسانی و بێبەشنەکردنی ئەوانیش لەم لێخۆشبوونە.
داواش لە بازرگانان کرا لەپێناو بەردەوامیی مافی ئەندامێتییان، سەردانی ژوورەکان بکەن بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکانیان و دووپاتی کردەوە کە هەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەکرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر تیشکی خستە سەر پلانەکانی داهاتوویان بۆ بوژاندنەوەی ئابووری و رایگەیاند "هەفتەی داهاتوو شاندێکی بازرگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی ئوردن دەکات، پاشانیش گەشتی ئۆزبەکستان دەکەن بە مەبەستی بەستنی لووتکەیەکی بازرگانی لە نێوان یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەردوولادا."
ئاشکراشی کرد، نزیکەی 180 بازرگان، سەرمایەدار و وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان لەو لووتکەیەدا بەشدار دەبن، هەروەها ئاماژەی بە پلانی فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکە کرد بە ئامانجی راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
لەکۆتاییدا، گەیلان حاجی سەعید باسی لە گرنگیی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و گوتی: گفتوگۆکان لەسەر کەرتی ئابووری و چارەسەرکردنی کێشەی سیستەمی ئەسیکۆدا، زەمینەیەکی گونجاوی لێکتێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی ریشەییی کێشەکان خۆش کردووە.