ترەمپ: گرنگ نییە رێککەوتن دەکرێت یان نا، ئێمە هەر براوەین
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم کۆشکی سپی، سەرنجی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. ترەمپ جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە و ئەنجامی دانوستانەکان هەرچییەک بێت، ئەمریکا بە سەرکەوتوویی لێی دەردەچێت.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ تاران رایگەیاند: "لە دانوستانی زۆر قووڵداین لەگەڵ ئێران، بەڵام بۆ من هیچ جیاوازییەکی نییە کە ئایا رێککەوتن دەکەین یان نا، چونکە بێ گوێدانە ئەوەی چی روودەدات، ئێمە هەر براوەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان ئێران تێکشکاندووە.
سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز، ترەمپ گوتی: "ئێمە گەرووەکە دەکەینەوە، هەرچەندە خۆمان زۆر بەکاری ناهێنین، بەڵام وڵاتانی دیکەی جیهان بەکاری دەهێنن." ئاماژەی بەوەش کرد ئێران چەندین مینی لە ئاوەکەدا چاندووە و کەشتییە مینکێشەکانی ئەمریکا سەرقاڵی پاککردنەوەی گەرووەکەن.
ترەمپ لە قسەکانیدا رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانی ناتۆ کرد و گوتی: "ناتۆ هیچ هاوکارییەکی نەکردین، ئەوان یان دەترسن، یان لاوازن، یان چاوچنۆکن."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی کورتی ئاراستەی پەکین کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر چین ئەو کارە بکات ئاماژە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران، ئەوا رووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە دەبنەوە."
ترەمپ گوتی: "ئێستا کەشتییە گەورە و جوانەکان دێنە وڵاتەکەمان و پڕیان دەکەین لە نەوت و گاز و رەوانەی دەرەوەیان دەکەین، بینینی ئەم دیمەنە زۆر جوانە."
لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە، وڵاتەکەی لە هەموو کەیسەکاندا پێگەی سەرکەوتووی هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دانوستانەکانی شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بە بەشداریی جەی دی ڤانس، چێگری سەرۆک و محەممەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان لە ئیسلام ئاباد پێیان ناوەتە قۆناغی سێیەم؛ سەرچاوەکانی پاکستان کۆبوونەوەکان بە ئەرێنی ناودەبن، هاوکات میدیاکانی ئێران گەرووی هورمز بە تاکە بەربەست لە بەردەم شاندی ئەو دوو وڵاتە دادەنێنن.