ئێران دەروازەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئیسفەهان دادەخات

پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە واشنتنە، لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، ئێران دەستی کردووە بە داخستنی دەروازەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر زەوی لە ئیسفەهان. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ رێگریکردن لە هەر دەستبەسەرداگرتنێکی ئەگەریی یۆرانیۆمی پیتێنراو کە پێدەچێت لەوێ کۆگا کرابێت.

بەگوێرەی شیکردنەوەی وێنە تاقی دەستکردەکان کە رۆژی چوارشەممە گیراون، چەندین بەربەستی نوێ لە دەوروبەری سێ دەروازەی سەرەکی دامەزراوەکە بینراون. ئەم بەربەستانە لە خۆڵ، کۆمەڵە داروپەردوو و پەرژین پێکهاتوون. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات ئەم گۆڕانکارییانە لە دوای 18ـی ئادارەوە ئەنجامدراون، چونکە لە وێنەکانی پێش ئەو بەروارەدا هیچ ئاسەوارێکیان نەبووە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەم دامەزراوە ژێرزەوییەدا هەڵگیراوە. ئێستا دەروازەی تونێلەکان بە خۆڵ پڕکراونەتەوە و هیچ نیشانەیەک بۆ کردنەوەیان نابینرێت.

دەروازەی باشوور: رێگای ئەم دەروازەیە بە دوو بەربەست داخراوە، یەکێکیان لە ماددەیەکی نەزانراو و ئەوی دیکەیان لە خۆڵ دروستکراوە. هەروەها دوو ئۆتۆمبێل لەوێ بینراون کە نیشانەی چاودێرییەکی ئەمنیی بەردەوامە.
دەروازەی سەرەکی: ئەم بەشە کە وەک بنکەی خزمەتگوزاری و تونێلی سەرەکی دەبینرێت، بە توندترین شێوە قایم کراوە و چەندین بەربەستی خۆڵ و خاڵی پشکنینی لێ جێگیر کراوە.
دەروازەی باکوور: رێگای سەرەکی و لاوەکییەکانی ئەم دەروازەیە بە کۆمەڵە خۆڵێکی گەورە داخراون و هەموو دەروازە پەرژینکراوەکانیش قفڵ کراون.

پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێیوایە ئامانجی سەرەکی لەم کارە، خاوکردنەوەی جووڵەیە لە دەوروبەری دەروازەکان و ئاڵۆزکردنی هەر هێرشێکی زەمینی ئەگەرییە بۆ سەر دامەزراوەکە. هەرچەندە لادانی ئەم کۆمەڵە خۆڵ و بەربەستانە بە ئامێری گونجاو دەکرێت، بەڵام ئەمە کاتێکی زۆر دەخایەنێت و رێگری دەکات لەوەی هیچ لایەنێک بە خێرایی دەستی بەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بگات کە لە ژێر زەویدا حەشار دراوە.