گەرووی هورمز جارێکی دیکە بووەوە بە چەقی ململانێی واشنتن و تاران
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاستی مەیدانی و جیهانی گەیشتووەتە لووتکە. ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن دەستی بە پڕۆسەیەکی سەربازی کرد بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان، کە کاردانەوەی توندی تاران و شکستی دانوستانە سیاسییەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
سەرەتای پەرەسەندنەکان لە تویتێکی پێت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکاوە دەستی پێکرد، تێیدا رایگەیاند هەردوو کەشتی جەنگی تێکشکێنەری "یو ئێس ئێس فرانك ئي بيتەرسۆن" (DDG 121) و "یو ئێس ئێس مایکل مۆرفی" (DDG 112) بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون. هیگسێت ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکی ئەم کەشتیانە پاککردنەوەی گەرووەکەیە لەو مینە دەریاییانەی کە سوپای پاسدارانی ئێران چاندوویەتی.
هاوکات، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ لە 11ـی نیسانەوە پڕۆسەی لابردنی مینەکان دەستی پێکردووە بە مەبەستی دروستکردنی رێڕەوێکی نوێی ئارام بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان، تا دڵنیایی بدرێتە بازاڕەکانی وزەی جیهان.
لە بەرامبەردا، ئێران لە رێگەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی لە ئەوروپا و ئاسیا وەڵامی دایەوە. باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا بە زمانێکی پڕ لە گاڵتەجاڕی رایگەیاند؛ وەزیری جەنگی ئەمریکا لە جەنگی دژی ئێران و کۆنترۆڵکردنی هورمزدا شکستخواردووە و گوتی: "بە شوێن گەرووەکەدا لە شوێنێکی هەڵە گەڕاوە."
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئێران لە بولگاریا جەختی کردەوە "کۆنترۆڵی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز تەنیا لە دەستی ئێراندایە". باڵیۆزخانەکانی تاران لە لەندەن و سیئۆلیش بە هەمان شێوە وەڵامی واشنتنیان دایەوە و هەوڵەکانی ئەمریکایان بۆ سەپاندنی واقعێکی نوێ لە ناوچەکەدا رەتکردەوە.
لەسەر ئاستی سیاسی، گرژییەکان رەنگی دایەوە. لە پێنجەمین رۆژی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان هەردوولا، جەی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ بەبێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانی بەجێهێشتووە. فانس گوتی: "ئەم شکستی دانوستانە بۆ ئێرانییەکان خراپترە وەک لە ئەمریکییەکان."
لای خۆیەوە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی ئیسلام ئابادی پشتڕاستکردەوە و هۆکاری گەیشتن بە بنبەستی بۆ "داواکارییە زۆر و بێزارکەرەکانی ئەمریکا" گەڕاندەوە.
گەرووی هورمز پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئێستا بووەتە چەقێکی سەرەکی بۆ ململانێیەکی دوولایەنە؛ لە لایەکەوە ململانێی مەیدانی لەسەر ئاسایشی دەریاوانی و لە لایەکی دیکەوە جەنگی میدیایی و سیاسی لەسەر سەروەری و نفووز. واشنتن وەک رێڕەوێکی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، لە کاتێکدا تاران وەک ناوچەی نفووزی ستراتیژی خۆی دەیناسێنێت.