قالیباف: ژمارەیەک دەستپێشخەریمان بۆ ئەمریکا کرد

 سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەرباری ئەوەی تاران ژمارەیەک دەستپێشخەریی پێشکەش کردووە، بەڵام واشنتن لە بەدەستهێنانی متمانەی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی شکستی هێنا و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمریکا بڕیار بدات.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەکانی تاراندا، ئەمریکا نەیتوانی متمانەی ئێران بەدەستبهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن لە لۆژیک و پرەنسیپەکانی ئێران تێگەیشتووە و ئێستا دەبێت بڕیار بدات ئایا دەتوانێت متمانەیان بەدەستبهێنێت یان نا.

قالیباف جەختی کردەوە، پێش دەسپێکی دانوستانەکان رایگەیاندووە کە ئێران نیازپاکی و ئیرادەی پێویستی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەزموونەکانی دوو شەڕی پێشوو، متمانەیان بە لایەنی بەرانبەر نییە. گوتیشی: "هاوکارەکانم لە شاندی ئێران ژمارەیەک دەستپێشخەریی پێشوەختەیان خستەڕوو، بەڵام لایەنی بەرانبەر لە کۆتاییدا نەیتوانی متمانەی شاندی ئێران لەم خولەی دانوستانەکاندا بەدەستبهێنێت."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی "دیپلۆماسیەتی دەسەڵات" وەک میتۆدێکی دیکە لە پاڵ خەباتی سەربازی بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی ئێران. راشیگەیاند، تاران بۆ ساتێکیش لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکانی 40 رۆژەی بەرگریی نەتەوەیی ناوەستێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف سوپاسی هەوڵەکانی وڵاتی پاکستانی کرد بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی دانوستانەکاندا و سڵاوی بۆ گەلی ئەو وڵاتە نارد.

هەروەها سوپاسی هاووڵاتییانی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئێران نەتەوەیەکی 90 ملیۆن کەسییە. ئاماژەی بەوەش کرد، هاووڵاتییان بە پەیڕەوکردنی ئامۆژگارییەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و ئامادەبوونیان لە شەقامەکان، پشتیوانی شاندی دانوستانکاریان کردووە لەو 21 کاتژمێرە چڕەی گفتوگۆکاندا. قالیباف وتەکانی بە دروشمی "بژی و بەرگە بگرە ئێرانی ئازیز" کۆتایی پێ هێنا.