سیستمی بەڕێوەبردنی ئێران کەوتووەتە دەست کێ؟
سەرباری بڵاونەبوونەوەی هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی رێبەری نوێی ئێران، سیستمی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە و بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان پشتی بە فەرماندەی سوپای پاسداران، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی پەرلەمان بەستووە.
لە بەدواداچوونێکی کوردستان24 بە نێو میدیاکانی ئێران و سەرچاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکەوتووە، سیستمی بەڕێوەبردنی ئێران پشتی بە سێ کەسایەتی و دامەزراوەیەک بەستووە. یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئێستای دەسەڵاتدار، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، محەممەد باقر زوولقەدرە و بە کەسایەتییەکی شاراوە دەناسرێت.
زوولقەدر یەکێکە لە بزوێنەرەکانی سیستمی بەڕێوەبردنی ئێران، سەرپەرشتیی هەماهەنگیی نێوان سوپا، سوپای پاسداران، هەواڵگری و سیاسەتی دەرەوە دەکات. بڕیارە گەورەکانی وەک جەنگ، پرۆگرامی ئەتۆمی و وەڵامدانەوەی خێرای قەیرانەکان لە لایەن ئەوەوە دەردەچن.
پێشتر زوولقەدر بووە شوێنگرەوەی عەلی لاریجانی، بەڵام بە گوێرەی گۆڤاری "مەجەلـلە" گۆڕانکارییەکە تەنیا کارگێڕی نەبووە، بەڵکوو سیستمی بەڕێوەبردنی ئێستای ئێران ئەو کەسایەتییانەی پەسندە پاشخانی ئەمنییان بەهێزە.
زوولقەدر لە رێچکەی سیاسییەوە نەهاتووە، بەڵکوو لە قووڵایی پاسداران، بەسیج و دەستەی ئەرکانەوە هاتووە. هەروەها خاوەن بڕیاری تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هەماهەنگکاری هێزە باڵاکانی ئێرانە و ئەمەش رۆڵێکی هەستیارە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی جەنگ و نەمانی رێبەری پێشووی وڵاتەکە.
کەسایەتییەکی دیکەی یەکلاییکەرەوە، فەرماندەی سوپای پاسداران، جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدییە و بە بەرپرسی ئەمنیی یەکەم دادەنرێت. وەحیدی بەرهەمی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە و بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ قاسم سولەیمانی کاری کردووە. ئەو بە یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی قۆناغی راگوزەری ئێستای ئەمنی و سەربازی دادەنرێت و بازنەی بەیەکبەستنەوەیە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی پەرلەمان، محەممەد باقر قالیباف بە کەسێکی دیکەی بەهێزی سیستمی بەڕێوەبردنی ئێران هەژمار دەکرێت و بە پیاوی ئەمن و سیاسەت دادەنرێت. قالیباف بە کۆکەرەوە و بەیەکبەستەری دۆسیەی ئەمنی و سیاسی هەژمار دەکرێت، دوای کوژرانی لاریجانی دە هێندە بەناوبانگ بوو، چونکە زۆربەی سیفەتەکانی وەک لاریجانی بوون و هەردووکیان بەرهەمی سوپای پاسداران و پەرلەمانن.
ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی قالیبافەوە بڵاوی کردووەتەوە، قالیباف لە ماوەی جەنگدا یەکێکە لە بڕیاردەرە سەرەکییەکان، بەتایبەت پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ رۆژئاوا دروست کردووە. قالیباف بە پیاوی قۆناغەکە وەسف کراوە، چونکە دەتوانێت قسە لەگەڵ لایەنی سەربازی و ئەمنیی وڵاتەکەی بکات، هەروەها لە رووی سیاسییشەوە بە دانوستانکارێکی سەرسەخت ناوی رۆیشتووە و دەتوانێت گوتارێکی بەهێز ئاراستەی ناوخۆ بکات. بە کورتی، ئەو نموونەی سیاسی و ئەمنیی ئێستای ئێرانە.