ترەمپ: دانوستانەکان بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر خەونە ئەتۆمییەکەی شکستی هێنا

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شکستی دانوستانە 20 کاتژمێرییەکەی ئیسلام ئابادی بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر خەونە ئەتۆمییەکانی راگەیاند و دەستبەجێ فەرمانی گەمارۆدانی دەریایی گەرووی هورمزی دەرکرد. ترەمپ هۆشداری دا، هەر کەشتییەک سەرانە بە ئێران بدات دەستی بەسەردا دەگیرێت؛ هاوكات جەختی کردەوە سوپای ئەمریکا ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو پاشماوەیەی کە لە هێزی سەربازیی ئێران ماوەتەوە، چونکە رێگە نادەن وزەی ئەتۆمی بکەوێتە دەست وڵاتێکی ناجێگیر.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: "ئێران بەڵێنی دابوو گەرووی هورمز بکاتەوە، بەڵام جێبەجێیان نەکرد، ئەمەش بووەتە هۆی ئازار و دڵەراوکێ بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان." سەبارەت بە هەڕەشەی مینەکانیش گوتی: "دەڵێن مینیان لە ئاوەکەدا چاندووە، هەرچەندە تەواوی هێزی دەریایی و زۆربەی کەشتییە مینڕێژکەرەکانیان بە تەواوی تەقێنراونەتەوە، بەڵام چ خاوەن کەشتییەک دەوێرێت ئەو سەرکێشییە بکات"

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە شاندێکی باڵا بە نوێنەرایەتی ئەو کە پێکهاتبوون لە جی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەگەڵ شاندی ئێران محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی بۆ ماوەی 20 کاتژمێر کۆبوونەتەوە. ترەمپ گوتی: "کۆبوونەوەکە باش بوو و لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتین، بەڵام تەنیا یەک خاڵ کە گرنگ بوو رێککەوتنی لەسەر نەکرا، ئەویش ئەوەیە کە ئێران نایەوێت دەستبەرداری خەونە ئەتۆمییەکانی بێت.

ترەمپ جەختی کردەوە: "وەک چەندین ساڵە گوتوومە، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ڕێگە نادەین وزەی ئەتۆمی لە دەستی خەڵکێکی وا ناجێگیر، سەخت و پێشبینینەکراودا بێت."

سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی دەستبەجێی دەرکرد: "هێزی دەریایی ئەمریکا دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەر کەشتییەک کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە." هەروەها گوتی: "ئێران خەریکی 'سەرانەوەرگرتنی جیهانییە، بۆیە فەرمانم داوە هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا باج و سەرانەی بە ئێران دابێت، دەستی بەسەردا بگرن و رێگەی پێ نەدەن بە سەلامەتی تێپەڕێت.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد، هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان لە کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، دەنێردرێت بۆ ناو دۆزەخ ." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ئێستا لە دۆخێکی وێرانکەردایە: "هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، سیستمی دژەفڕین و ڕادارەکانیان بێسوودن، زۆربەی سەرکردەکانیان مردوون."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رایگەیاند: "ئێمە ئێستا بە تەواوی ئامادە و پڕچەکین و سوپاکەمان ئەو کەمەی کە لە ئێران ماوەتەوە کۆتایی پێدەهێنێت. رێگە نادەین ئێران قازانج لە کردەوە نایاسایییەکانی و سەرانەوەرگرتن بکات."

ترەمپ سوپاسی سەرکردایەتی پاکستانی کرد بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان و گوتی، ئەوان سوپاسیان کردووە بۆ رزگارکردنی 30 بۆ 50 ملیۆن مرۆڤ لە جەنگێکی وێرانکەر لەگەڵ هیندستان.