ترەمپ: ئەو کەسانەی دوێنێ مامەڵەمان لەگەڵ کردن زۆر ژیر وردبین بوون

سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و بە تیمێکی کاریگەر وەسفی کردن، هاوکات هۆشداریی دا کە سوپای وڵاتەکەی لە دۆخی ئامادەباشی تەواوی چەکدایە و ئەگەر تاران بەردەوام بێت، ئەوەی لە هێزی سەربازیی ئێران ماوەتەوە "بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنن". راشیگەیاند ئێران هیچ کارتێکی فشاری لەدەست نەماوە.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد بە فۆکس نیووزی گوتی: "ئێمە وەک برای گەورە و برای بچووکین و تیمێکی زۆر کاریگەرمان پێکهێناوە." سەبارەت بە کاردانەوەی ئێرانییەکانیش گوتی: "سەرەتا وا خۆیان نیشان دەدا کە کارتی بەهێزیان لەدەستە، بەڵام هیچ کارتێکیان نییە؛ سوپا و سەرکردایەتییان تێکشکێنراوە."

ترەمپ هۆشداری دا کە وڵاتەکەی لە دۆخی ئامادەباشی تەواوی چەک دایە، ئەگەر تاران بەردەوام بێت، سوپای ئەمریکا ئەوەی کە لە ئێران ماوەتەوە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت. ئێمە لە هەموو حاڵەتێکدا براوەین."

ترەمپ رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانی ناتۆ کرد و گوتی: "ناتۆ هاوکاری نەکردین، ئەوان یان دەترسن، یان لاوازن، یان چاوچنۆکن." هەروەها هێرشی کردە سەر کەناڵەکانی (CNN, ABC, NBC) و رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و بە میدیای ساختە ناوی بردن و راپۆرتەکانیانی بە نزیک لە خیانەت وەسف کرد.

ترەمپ باسی لە توانای سەربازیی نوێی ئەمریکا کرد و ئاماژەی دا، کارگەکانی درۆنی ئێرانیان تێکشکاندووە. ئێستا فیشەکی کۆمپیوتەری و لایزەرمان هەیە کە درۆنەکان دەتوێنێتەوە، بینینی دیمەنی توانەوەی درۆنەکان بە لایزەر زۆر جوانە." ئاماژەی بەوەش کرد کە 28 کەشتیی مینڕێژکەری ئێران بە تەواوی لەناوبراون و هێزی دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا سەرقاڵی پاککردنەوەی گەرووەکەن.

ترەمپ رایگەیاند: "ئێمە گەمارۆیەکی تەواو دەخەینە سەر گەرووی هورمز و رێگە نادەین ئێران لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە پارە پەیدا بکات. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەیە کە بەرامبەر ڤێنزوێلا گیرانەبەر، بەڵام لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا. گوتیشی: "ئەمە سەرانەوەرگرتنی جیهانییە و ئێمە رێگە نادەین هیچ کەشتییەک کە باجی بە ئێران دابێت، بە سەلامەتی تێپەڕێت

ترەمپ نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی کە ئەمریکا تێچوویەکی زۆر بۆ پاراستنی وڵاتانی دیکە دەدات، بەتایبەت لە گەرووی هورمز. گوتی: "ژاپۆن 93%ـی نەوتەکەی و کۆریای باشوور 45%ـی نەوتەکەی لەوێوە دەستدەکەوێت، ئێمەش نزیکەی 100 هەزار سەربازمان لەو ناوچانە هەیە بۆ پاراستنیان، کەچی کاتێک داوای هاوکارییان لێدەکەین، یارمەتیمان نادەن." هەروەها گوتی کە ئەمریکا نزیکەی تریلیۆنێک دۆلاری بۆ ناتۆ خەرج کردووە بەبێ ئەوەی هاوکارییەکی ڕاستەقینە ببینێت.

سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەکان لە پاکستان، ترەمپ ئاشکرای کرد کە شاندەکەی جی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر بۆ ماوەی 21 کاتژمێر لە دانوستانی بەردەوامدا بوون و گوتی: "لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتین، بەڵام تەنیا یەک خاڵ هەیە کە گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە ئێران نایەوێت دەستبەرداری خەونە ئەتۆمییەکانی بێت. منیش دەڵێم: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

ترەمپ لەبارەی شاندی ئێرانییەوە گوتی: "ئەو کەسانەی دوێنێ مامەڵەمان لەگەڵ کردن، بە راستگۆیی دەڵێم، زۆر ژیر، وردبین و زۆر باش بوون."

سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی، ترەمپ ئاشکرای کرد کە گوشارەکانی وای کردووە ئێران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. باسی لەوە کرد، "من بە تیمەکەمم گوت کە نابێت بە کەم ڕازی بن؛ من 90% یان 95%ـی مەرجەکانم ناوێت، من 100%ـی هەموو ئەو شتانەم دەوێت کە داوامان کردووە."

ترەمپ ڕایگەیاند: "من دەتوانم لە ماوەی تەنیا یەک ڕۆژدا ئێران لەناو ببەم. تەنیا یەک کاتژمێرم بەسە بۆ ئەوەی تەواوی کەرتی وزە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو وڵاتە خاپوور بکەم." ئاماژەی بەوەش کرد کە تێکدانی ئەو ژێرخانە وایان لێدەکات کە "تا 10 ساڵی تریش نەتوانن بنیاتی بنێنەوە."

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان تریلیۆنەها دۆلاریان لە کڕینی چەکدا خەرج کردووە، بەڵام "ئێمە زۆربەی ئەو چەکانەمان تێکشکاندوون." هەروەها باسی لە گۆڕانکاری لە ئاستی سەرکردایەتیدا کرد و بەراوردی کردن بە سەردەمی پێشوو، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردایەتی ئێستا ڕووبەڕووی دەرەنجامی خراپی کارەکانیان بوونەتەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئاڵۆزییەکانی ئێستا، گەشبینی خۆی بۆ دابەزینی نرخی نەوت و گاز دەربڕی و ڕایگەیاند: "لە کۆتاییدا نرخەکان دادەبەزن؛ ڕەنگە دەستبەجێ ڕوو نەدات، بەڵام کاتێک ئەم بارودۆخە چارەسەر بوو، نرخەکان ڕوو لە دابەزین دەکەن."

هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی دا سەبارەت بە مەترسییەکانی جەنگی ئەتۆمی لەسەر ئابووریی جیهان و گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت تەماشای هەرەسهێنانی بازاڕەکانی پشک بکەن، تەنیا ڕێگە بدەن چەند بۆمبێکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت چ دژی ئێمە بێت یان لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان."

دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی توند بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەکات کە هاوکاریی سەربازیی تاران دەکەن و رایگەیاند، هەر وڵاتێک چەک بداتە ئێران، باجی 50%ـی دەخرێتە سەر کاڵاکانی لە بازاڕەکانی ئەمریکادا.

لە وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بەوەی ئایا مەبەستی لە وڵاتی چینە، ترەمپ گوتی: "بەڵێ، چین و ئەگەر هەبێت وڵاتانی دیکەش، بەڵام بە دیاریکراوی چین دەگرێتەوە."

سەبارەت بە هەواڵی ناردنی مووشەکی دژەفڕینی شانهاوێژ لەلایەن چینەوە بۆ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ڕاپۆرتم لەو بارەیەوە پێگەیشتووە، هەرچەندە هەمیشە متمانە بە هەواڵەکان ناکەم و گومانم هەیە کارێکی وا بکەن، بەڵام ئەگەر هەر وڵاتێک، بە چینیشەوە، لە کاتی پێدانی کەرەستەی سەربازی بە ئێران دەستگیر بکەین، ڕووبەڕووی باجی 50% دەبنەوە."

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەخنەی توندی لە فراوانبوونی هەژموونی پیشەسازیی چین گرت و ڕایگەیاند کە ئۆتۆمبێلە چینییەکان بازاڕەکانی ئەوروپایان وێران کردووە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆتۆمبێلە چینییەکان بوونەتە مەترسیی گەورە بۆ سەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (Mercedes) و (BMW) و بازاڕیان لێ زەوت کردوون. هاوكات، سەرۆکی ئەمریکا شانازیی بەوەوە کرد کە ڕێگرییان لە چوونە ناوەوەی ئەو بەرهەمانە بۆ وڵاتەکەی گرتووە و گوتی: "ئێمە هیچ ئۆتۆمبێلێکی چینیمان لە وڵاتەکەماندا نییە."