شاندی ئەمریکا بەبێ رێککەوتن گەڕایەوە واشنتن

شاندی باڵای ئەمریکا، دوای شکستی دانوستانە چڕەکانیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی، پایتەختی پاکستانیان جێهێشت و بەبێ رێککەوتن گەڕایەوە واشنتن.

یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، تۆڕی هەواڵی (CBS News) بڵاوی کردەوە، شاندی ئەمریکا کە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە پاکستان بوون، بەڵام بە تەواوی پایتەختی ئەو وڵاتەیان جێهێشت، دوای ئەوەی نەتوانرا لە گفتوگۆکان هیچ بەرەوپێشچوونێک هەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، جارید کوشنەر، ستیڤ ویتکۆف و تیمە تەکنیکییەکەی یاوەریان، دوای کۆتاییهاتنی خولێکی درێژخایەنی دانوستانەکان کە نزیکەی 21 کاتژمێری خایاند، خاکی پاکستانیان جێهێشت.

لەم چوارچێوەیەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لە ئیسلام ئاباد دانی بەوەدا نابوو، کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست. 

ڤانس رایگەیاندبوو: "چەندین گفتوگۆی جەوهەریمان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجامدا، ئەمە هەواڵە باشەکەیە، بەڵام هەواڵە خراپەکە ئەوەیە کە نەمانتوانی بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردبووەوە، کە دانوستانە راستەوخۆکان کۆتاییان هاتووە و هیچ رێککەوتنێک بۆ ئەنجامدانی خولی دووەمی گفتوگۆکان لە ئارادا نییە.

دوێنێ شەممە 11ـی نیسانی 2026، چەند خولێکی دانوستان لەنێوان هەردوو شاندی باڵای ئەمەریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە چوون.