عێراقچی: رێڕەوی دیپلۆماسی بۆ هەڵگرتنی سزاکان بەردەوامە

 وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەمارۆدانی وشکانیی ئێران کارێکی مەحاڵە، جا چ بەهۆی فراوانیی وڵاتەکەوە بێت یان بەهۆی زۆریی ژمارەی پارێزگاکانەوە کە هەر یەکەیان توانا و دەرفەتی جۆراوجۆریان هەیە، گوتیشی: بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوای کۆتاییهاتنی سیمیناری بەرپرسانی نووسینگەکانی پارێزگاکان رایگەیاند، پەیوەندیی بەرفراوان لەگەڵ پارێزگا هاوسنوورەکان لە وڵاتانی دراوسێ، هاتوچۆی زۆر، پەیوەندیی نێوان خەڵک و رەگ و ریشەی مێژوویی و کولتووری لە هەردوو دیوی سنووردا، توانا و دەرفەتێکی وایان لە پارێزگاکانی وڵاتدا بەتایبەتی پارێزگا سنوورییەکان رەخساندووە ئەوەی دوژمن دەیەوێت بە رووماندا دایبخات، پارێزگاکان دەتوانن بیکەنەوە.

هاوکات عێراقچی گوتی، ئەرکی تێکڕای وڵات و خەڵک ئەوەیە دوژمنان لە سەپاندنی سزاکان بێهیوا بکەن، گوتیشی: باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم فشارانە ئەوەیە سزاسەپێنەران لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان بێهیوا بکرێن، تاوەکو بزانن ئەم ئامرازە کارایی نییە و لە داهاتووشدا نابێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردووەتەوە، ئەمە بە واتای وازهێنان لە ئەرکێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوە نایەت کە بریتییە لە کردنەوەی رێگە دیپلۆماسییەکان بۆ دانوستان و هەڵگرتنی سزاکان، و دووپاتیکردووەتەوە ئەو رێڕەوەش لە جێی خۆیدا بەردەوامیی هەیە.

ئەم قسانەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، لە رێگەی گەمارۆیی دەریاییەوە تاران لە رووی ئابووریی و دارایییەوە لاواز بووە، چونکە رێڕەوەکانی فرۆشتنی نەوت و هاوردە و هەناردەی کاڵا و شتومەک بە شێوەیەکی بەرچاو بە رووی وڵاتەکەدا داخراوە، هاوکات بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکەش بە هۆی مەترسی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بە بیانووی هاوکارییکردنی ئێران پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران پچڕاندووە، ئەمەش هێندەی دیکە بارگرانی و کاریگەری نەرێنی لەسەر حکوومەتی تاران بۆ پڕکردنەوە و دابینکردنی پێداویستی وڵاتەکەی قوستر کردووە.