ئیسرائیل سوپاکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشی دەستبەجێ و کابینەی جەنگ کۆدەبێتەوە
لە کاردانەوەی بڕیارە کتوپڕەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، ئیسرائیل تەواوی هێزە سەربازییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشی توندەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بانگهێشت کرد.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، دوای راگەیاندنی گەمارۆ دەریاییەکە لەلایەن ترەمپەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری داوە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە و دۆخی ناوچەکە ئەنجام بدات.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سیاسییەکان، ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، فەرمانی بە تەواوی هێزەکان کردووە کە بچنە حاڵەتی ئامادەباشی دەستبەجێوە. ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە گواستوویەتییەوە کە سوپا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ڕێکارە جەنگییە ڕێکخراوەکان، کە ئەمەش ئاستێکی بەرزی ئامادەکارییە و زۆرجار پێش دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان ڕادەگەیەنرێت.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕێگریکردن لە هەر کەشتییەک کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی ئاشتی کە ڕۆژی شەممە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، سەرەڕای هەبوونی خاڵی هاوبەش، بەڵام بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ڕەتکردنەوەی سازش، شکستی هێناوە.