سەرۆکوەزیرانی پاکستان: دانوستانەکانی تاران و واشنتن کۆتایی نەهاتووە
سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردەوە کە دانوستانە ئاشتییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد، سەرەڕای ئەوەی بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات، هێشتا بەردەوامن و تەنیا تووشی چەقبەستوویی بوون. هاوکات وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی نێوەندگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوچەکە.
یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "Face the Nation"ی تۆڕی (CBS)ـی ئەمریکی رایگەیاند، "دانوستانەکان کۆتایی نەهاتوون، بەڵکوو ئێستا لە دۆخی چەقبەستووییدان." ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی دەرهەچەیەک بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وڵاتەکەی لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش کرد کە عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، رۆڵێکی گرنگی لە ناوبژیوانیی چەندین خولی دانوستانی چڕ و بنیاتنەردا گێڕاوە کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە کۆتاییان هاتووە.
لەلایەن ئەمریکاوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، رایگەیاندبوو ئەم خولەی گفتوگۆکان بێ رێککەوتن کۆتایی هاتووە. ڤانس ئاماژەی بەوە کردبوو هێشتا ناکۆکییەکان بەتایبەت لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە نێوان هەردوولادا ماونەتەوە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەی پاکستان دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیاند، ئەمەش دوای چەندین هەفتە لە جەنگ و پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە. ئیسلام ئاباد ئێستا هەوڵ دەدات هەردوولا بەرەو رێککەوتنێکی دیپلۆماسی گشتگیر هان بدات.