چوارچێوەی هەماهەنگی جێگرەوەی مالیکی دیاردەکات

چوارچێوەی هەماهەنگی گفتوگۆ لەبارەی جێگرەوەی مالیكی و سوودانی بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران دەكات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، عەلی دیفاعی گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بە كوردستان24ـی راگەیاند: سبەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم، رەوتی حیكمە كۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆكردنی لەبارەی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران و شێوازی یەكلاكردنەوەی و لەو كاتە دەستورییەی دانراوە، گوتیشی بڕیاری یەكلاككردنەوەی كاندیدەكە بە دەنگی هەموان یان زۆرینە دەبێت. 

دیفاعی دەڵێت بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی دیاریكردنی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت هەریەك لە مالیكی و سوودانی بكشێنێتەوە، كاندیدی دیكە هەن و هەڵبژێردرێن كە كێ دەتوانێت ئەو قۆناخە تێپەڕێنێت.

هەریەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر، حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، باسم بەدری، سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەڕوەری عێراق، موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەساس، محەمەد ساحب دەراجی، راوێژكاری سەرۆكوەزیران، عەلی شوكری، وەزیری پێشووی پلاندانانی عێراق كاندیدەكانن. 

عەلی دیفاعی جەخت لەوە دەكاتەوە تا ئێستا چانسی باسم بەدری لە هەموویان زیاترە، بەڵام سبەی بڕیاری كۆتایی نادرێت، رەنگە لە دوو سێ كۆبوونەوە یەكلا بكرێتەوە. ئەوەش ناشارێتەوە لە ئەگەری دەستپێكردنەوەی جەنگی ئێران، رەنگە دووبارە پرسەكە دوابكەوێتەوە.

بە گوێرەی ماددەی 76ـی دەستووری عێراق، سەرۆکكۆمار دوای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، كانديدى گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانى کابینەی حکوومەتی نوێ لە ماوەى 15 رۆژ. سەرۆكوەزيرانى راسپێردراو ناوى وەزيرەكان دياری دەكات لە ماوەيەكى دياريكراودا بە مەرجێك لە 30 رۆژ تێپەڕ نەكات لە بەروارى راسپاردنيیەوە، ئەگەر سەرۆكوەزيرانى راسپێردراو نەيتوانى لەو ماوە دياريكراوەدا حكوومەت پێكبهێنێت، ئەوا سەرۆككۆمار كەسێكى دیکە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانى کابینەی حکوومەتی نوێ.