وەزارەتی دارایی ئیسرائیل: شەڕی دژ بە ئێران زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری تێچووە
بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل دوێنێ یەکشەممە بڵاوکرانەوە، شەڕی دژ بە ئێران بڕی 35 ملیار شیکل '11.52ملیار دۆلار' تێچووی لەسەر بودجەی ئیسرائیل دروست کردووە، لەو بڕە 22 ملیار شیکلی بۆ کەرتی بەرگریی تەرخان کراوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕە پارەیە پێشتر خراوەتە سەر بودجەی ساڵی 2026.
وەزارەتی دارایی هۆشداریشی داوە هەڵمەتی هاوبەشی ئیسرائیلی-ئەمریکی دژی ئێران کە ماوەی 40 رۆژی خایاند، تێچوویەکی توندی ئابووریی لێکەوتووەتەوە، لەوانە پاشەکشە لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی و زیادبوونی لەڕادەبەدەری خەرجییە حکوومییەکان. جەختیشی کردەوە، هەندێک لەم لێکەوتانە کاریگەرییە تەواوەتییەکانیان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەردەکەون.
لە لایەکی دیکەوە، بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەدا و کارکردنی رێکخراوی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبردنی بەرپرسانەی ئابووریی، دوو هۆکاری یەکلاکەرەوە بوون لە سەرکەوتنە گەورە ئۆپەراسیۆنییەکاندا". ناوبراو فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی بە "هاوبەشی تەواو لەو دەستکەوتانەدا" وەسف کرد کە لە بەرەی دژ بە ئێران بەدی هاتوون.
هاوکات، وەزارەتی دارایی بڕە پارەیەکی زۆری بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی مەدەنی تەرخان کردووە، کە بەمشێوەیە بووە؛ 12 ملیار شیکل، بۆ دابینکردنی بودجەی پلانەکانی قەرەبووکردنەوەی حکوومی، لەوانەش زیانە راستەوخۆکانی مووشەکەکان، پاڵپشتیکردنی ئەو کۆمپانیایانەی داهاتیان کەمی کردووە، و قەرەبووکردنەوەی ئەو کارمەندانەی کە ناچار کراون مۆڵەتی بێ مووچە (Furlough) وەربگرن. یەک ملیار شیکل، بۆ داپۆشینی تێچووە مەدەنییەکانی دیکە، وەک رێکخستنی شێوازی کارکردنی نەخۆشخانەکان، وەڵامدانەوەی بارودۆخی فریاگوزاری، چارەسەرکردنی برینداران و قوربانیان، و خەرجییەکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کە پەیوەستن بە شەڕەکەوە.