ئەمریکا: کۆنترۆڵی دەریایی بەسەر کەنداوی عومان و دەریای عەرەبدا دەسەپێنین

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، سوپای ئەمریکا لە یادداشتێکدا بۆ دەریاوانان ئاماژەی بەوە دا، کۆنترۆڵی دەریایی بەسەر کەنداوی عومان و دەریای عەرەبدا دەسەپێنن.

فەرماندەیییەکە روونیشی کردەوە، رێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن بیەوێت بێتە ناو ناوچە گەمارۆدراوەکە یان لێی دەربچێت.

لە بەشێکی تری یادداشتەکەدا هێزەکانی ئەمریکا ئەوەیان خستە روو، رەنگە کەشتییە بێلایەنەکان رووبەڕووی پشکنین ببنەوە، ئەمەش بە مەبەستی ئاشکراکردنی کاڵای قاچاخ.

لە کۆتاییدا سوپاکە رایگەیاند، تەنیا رێگە بە باری هاوکارییە مرۆییەکان دەدرێت تێپەڕ بن بە مەرجی پشکنین، هەروەها دەریاوانانی ئاوەکانی دەرەوەی گەرووی هورمزیان ئاگادار کردووەتەوە بڕیاری کۆنترۆڵی دەریایی دەسەپێنن.

گەرووی هورمز و کەنداوی عومان بە یەکێک لە گرنگترین دەروازە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و بازرگانی دادەنرێن، بە جۆرێک رۆژانە نزیکەی 20٪ـی نەوتی جیهان بەو ناوچەیەدا تێپەڕ دەبێت. 

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ساڵی 2026، دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران، گرژییەکانی ناوچەکە پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە.

 لە بەرانبەردا بەرپرسانی ئێران هەنگاوەکەیان بە جۆرێک لە چەتەییی دەریایی ناو بردووە و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندیان کردووە ئەگەر رێگری لە کەشتییەکانیان بکرێت.