رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی: هیچ وڵاتێک مافی داخستنی گەرووی هورمزی نییە

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی رەخنە لە بڕیاری حکوومەتی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز و جێبەجێکردنی بڕیاری گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر ئێران دەگرێت و دەڵێت "هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە گەرووی هورمز دابخات".

ئارسێنیۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی دەریاییدا دابخات، یان ببێتە مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئازادی جووڵەی دەریایی لە گەرووە نێودەوڵەتییەکان".

رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لێدوانەکەی ئەمینداری گشتیی رێکخراوەکەش لە کاتێکدایە، دوای شکستی دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە ئیسلامئابادی پاکستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، واشنتن گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکان و جووڵەی کەشتییەکانی ئێران جێبەجێکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە، گەرووی هورمزی لەبەردەم جوڵەی دەریایی و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە داخست.