عێراق لەنێو قەیرانی شەرمەزاری دیپلۆماسیدایە
لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی دیپلۆماسی بووەتەوە و چوار وڵات باڵیۆز و نوێنەرانی بەغدایان لە وڵاتەکانیان بانگکردووە. ئەم رێکارانە دوای ئەوە دێن کە ئەم وڵاتانە پێیان وایە گرووپە چەکدارەکان لە ناو خاکی عێراقەوە هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر وڵاتەکانیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، سەفیە سوهەیل، باڵیۆزی عێراقی لە ریاز بانگکرد، ئەمەش سێیەم رووداوی بانگکردنی دیپلۆماتکارانی عێراق بوو لە ماوەی هەفتەیەکدا، دوای ئەوەی ئەمریکا باڵیۆزی عێراقی لە واشنتن و کوەیتیش کارداری ئەو وڵاتەی بانگکردبوو. دوای سعوودیەش، بەحرەین هەمان رێکاری گرتەبەر و ناڕەزایەتی توندی گەیاندە بەغدا.
هۆکاری سەرەکی ئەم بانگکردنانە بۆ ئەو هێرشانە دەگەڕێتەوە کە گرووپە چەکدارەکان لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجامی دەدەن. ئەمریکا گرووپە چەکدارەکانی بە هێرشکردنە سەر دیپلۆماتکارەکانی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا تۆمەتبار کردووە. سعوودیە و بەحرەین و کوەیتیش بە فەرمی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کردووە کە بە درۆن لە ناو خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو و داوایان کردووە عێراق بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکات.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی"العربي الجديد"ی راگەیاندووە، وڵاتانی وەک ئوردن، سوریا و تورکیاش نیگەرانی توندیان گەیاندووەتە بەغدا. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، عێراق چەندین بەڵگە و وێنەی ئاسمانی پێگەیشتووە کە دەیسەلمێنن هێرشەکان لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی لە رووی سیاسییەوە "دەستبەستراوە" و ناتوانێت رێگری لەو هێرشانە بکات.
لەلایەکی دیکەوە، عامر فایز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە کە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، سەرکردایەتی نێوەندگیرییەک دەکات بۆ قەناعەتپێکردنی گرووپە چەکدارەکان تاوەکو هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا رابگرن، لە بەرانبەردا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش نەکەنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە هاتن کە گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تێیدا دەرکەوتووە کە لە ناوچە بیابانییەکانی باشووری عێراقەوە، درۆنی بەرەو بنکە سەربازییەکانی ئوردن، کوەیت و سوریا هەڵدەدات. چاودێرانی سیاسی ئەم دۆخە بە "پاشەکشەیەکی گەورە" بۆ سیاسەتی دەرەوەی عێراق ناودەبەن و پێیان وایە گرووپە چەکدارەکان بوونەتە کێشەیەکی ئەمنی گەورە بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.