وەزارەتی کشتوکاڵ: بەغدا بە یەکسانی سەیری جووتیارانی کوردستان و عێراق ناکات
وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی عێراق نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک سەبارەت بە پرسی دیاریکردن و وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ.
چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، لیژنەی هەماهەنگی و تەکنیکی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبونەوەیان لە گەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەبارەت بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی عێراق نەگەیشتوون بە هیچ رێککەوتنێک، ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا بڕیاریداوە تەنها 292 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بەم بڕە کەمە ڕازی نەبووە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو بڕەی بەغدا دیارییکردووە هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە و لە ئاست قەبارەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان نییە، هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ بە توندی رەخنەی لە مامەڵەی بەغدا گرت و رایگەیاند: "بەغدا بە یەکسانی سەیری جووتیارانی کوردستان و عێراق ناکات و ئەم بڕیارە جۆرێکە لە ستەمکردن لە جووتیارانی هەرێم."
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای هەوڵەکانی لیژنەی هەماهەنگی و تەکنیکی هەرێم بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر شایستە داراییەکان و بەبازاڕکردنی گەنم، بەڵام سووربوونی بەغدا لەسەر وەرگرتنی تەنها 292 هەزار تۆن، گفتوگۆکانی بێ ئەنجام هێشتووەتەوە.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە بڕێکی زۆر زیاتر لەو رێژەیە بەرهەم دەهێنن و چاوەڕوانی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ کڕینەوەی گەنمەکانیان بە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام ساڵانە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لە نێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە روو وەرگرتن و ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان، بە تایبەت ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر و لە باری کەش و هەوایەکەی بەرهەمی جووتیاران زیاتربووە بەراورد بە ساڵانی رابردووم بەڵام حکوومەتی عێراق ئامادە نییە ئەو بڕەی دیاری کردووە زیاتری بکات، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان زیانیان پێبگات و بەشێک لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان لە بازاڕی رەشدا بە هەرزان بفرۆشنەوە.