وەزیری بەرگریی ئەمریکا : هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەن

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی توند ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن زانیاری وردی لەسەر شوێنی حەشارگەی چەکەکانی ئێران هەیە و داواش لەو وڵاتە دەکات "بە داناییەوە" بڕیار بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێرانییەکان ڕۆژانە هەنگاوە سەرکەوتووەکانی سەربازەکانمان دەبینن، پەیامم بۆ سەربازە ئەمریکییەکان ئەوەیە کە بە بەهێزی بمێننەوە، چونکە ئێوە بە هەموو جیهانی پیشان دەدەن کە جەنگاوەری ئەمریکی بوون چ واتایەکی هەیە."

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتەکەی لە رووی سەربازییەوە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر تاران دەڵێت "ئێستا تەنیا بە سەدا 10ـی تواناکانمان ئێرانمان گەمارۆداوە، ئێمە دەزانین ئێران چەکەکانی لە چ شوێنێک دەشارێتەوە."

هێگسێت لە پەیامەکەیدا داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە رێگەی دیپلۆماسی و رێککەوتن هەڵبژێرن و جەختی کردەوە، "پەیاممان بۆ ئێران ئەوەیە بە داناییەوە بڕیار بدەن. وا باشترە ڕێککەوتن هەڵبژێرن، چونکە ڕێککەوتن لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران و هەموو جیهاندایە."