وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هۆکاری هێرشنەکردنە سەر دوورگەی خارگ ئاشکرا دەکات

رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمەریکی لەسەر زاری بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لە ترسی قوربانیی و زیانپێگەیشتن بەرەنگاری بیرۆکەی ناردنی هێزی سەربازی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگی ئێران بووەتەوە، هەروەها بۆ ئەوە گوشاری کردووە تاوەکوو تاران راکێشێتە سەر مێزی دانوستان.

سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، ترسی لەوە هەبووە ئەگەر فەرمانی ناردنی هێز دەربکات، زۆرێک لەسەربازەکانی یان برینداربن یان بکوژرێن.

ڕۆژنامەکە ڕوونیکردووەتەوە کە شکستی سیاسەتی دەرەوە لە ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا جیمی کارتەر سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان لە ئێران لە ساڵی 1979 بە تەواوی مێشکی ترەمپی سەرقاڵکردووە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، دۆناڵد ترەمپ دژی ناردنی سەربازی ئەمریکی بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ، سەرەڕای ئەوەی ئاگادار کرابووەوە کە ئەرکەکە سەرکەوتوو دەبێت و گرتنی دوورگەکە رێگە بە ئەمریکا دەدات بگاتە گەرووی هورمز. 

روونیانکردەوە، ترەمپ ترسی ئەوەی هەیە قوربانییەکانی ئەمریکا زۆر بن و گوتی، سەربازانی ئەمریکی "ئامانجی ئاسان" دەبن.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، داخستنی گەرووی هورمز ترەمپ و هەندێک لە راوێژکارەکانی شۆک کردووە کە دوای بۆردومانەکە چەند بەخێرایی گەرووەکە بەڕووی کەشتییەکاندا داخراوە، هاوکات ترەمپ لەوەش بێزاربووە کە چحن دەبێت وڵاتێک چەند درۆنێکی هەبێت دەتوانێت ئەم گەرووە بە ئاسانی دابخات.

راشیگەیاندووە، ترەمپ چەندین جار توڕەیی خۆی دەربڕیوە لە رەتکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپی و ناتۆ بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتە سەربازییەکەی و هاوکاریکردن لە کردنەوەی گەرووەکە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەو پۆستەی ترەمپ هەڕەشەی "کۆتاییهێنان بە شارستانیەتی ئێران"ی تێدا کردبوو، بێ ئامادەکارییە و بەشێک نەبووە لە پلانی ئاسایشی نیشتمانی، ئەوەشیان خستەڕوو، مەبەستی راستەقینەی ترەمپ ترساندنی ئێرانییەکان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان بووە.

کاربەدەستان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ترەمپ بە یەکێک لە راوێژکارەکانی گوتووە کە لە یەکێک لە پۆستەکانیدا وشەیەکی ناشرین و دەستەواژەی سوپاس بۆ خوای بەکارهێناوە چونکە ویستوویەتی وا دەربکەوێت و ئێرانییەکان بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە زمانێکە ئێرانییەکان لێی تێدەگەن.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە، ترەمپ لە کۆتایی مانگی ئاداردا فەرمانی بە تیمی دانوستانکارەکەی کردووە، رێگەیەک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان بدۆزنەوە.

لە 8ـی نیساندا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە دەستیپێکرد.