لە باشووری لوبنان بۆمبێکی چێندراو بە 10 سەربازی ئیسرائیلیدا تەقییەوە
سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی نۆ سەربازی دیکەی بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە باشووری لوبنان راگەیاند.
سوپای ئیسرائیل بەیانیی رۆژی یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026 رایگەیاند، سەربازێکی یەدەگ بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە باشووری لوبنان کوژراوە. روونیشی کردەوە، کوژراوەکە تەمەنی 31 ساڵە و نۆ سەربازی دیکەش بریندار بوون، دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
رووداوەکە لە کاتێکدایە ئاگربەست لە باشووری لوبنان جێبەجێ دەکرێت. پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ناوچەکە راگەیاند. ئاگربەستەکەی لوبنان لە نیوەشەوی پێنجشەممەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە بەردەوام بێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی سەربازی، ئۆتۆمبێلێکی ئەندازەیی ئیسرائیلی بەسەر بۆمبێکی چێندراودا رۆیشتووە کە پێشتر لەلایەن حیزبوڵڵاوە لە ناوچەیەکی باشووری لوبنان دانراوە. لەو ناوچەیەش چەندین هەفتەیە هێزەکانی ئیسرائیل تێیدا بڵاوەیان پێ کراوە.
تەقینەوەکە ئەو سەربازانەی کردووەتە ئامانج لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکە جێگیر کرابوون. بەهۆیەوە سەربازێک کوژرا و نۆی دیکەش بریندار بوون. برینی یەکێکیان سەختە و چواریان مامناوەندە، چوار سەربازەکەی دیکەش بە سووکی بریندار بوون.
راستەوخۆ دوای تەقینەوەکەش سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لە ناوچەکەدا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی سوپاکە.
هاوکات سوپاکە ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لە وردەکارییەکانی رووداوەکە دەکەن. بەمەش ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لەو شەڕەی لە دووی ئادار لەگەڵ حزبوڵڵا دەستی پێکرد، بۆ 15 سەرباز بەرز بووەوە.