ناتانیاهۆ: ئێران دەیویست بۆمبی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنمان دروست بکات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران دەیویست بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات بە ئامانجی لەناوبردنی وڵاتەکەی و زیاتر لە ساڵێکە ئاگاداری ئەو هەوڵەن.
یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران هەوڵی داوە بۆمبی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بەرهەم بهێنێت.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە ساڵێکە ئاگاداری ئەو هەوڵەی ئێرانن بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، لەبەر ئەم هۆکارەش ناچار بوون جموجۆڵ و کاردانەوەی توند بەرانبەر ئەو وڵاتە بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە مەترسییەکان بگرن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی تاران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بریتی بووە لە لەناوبردنی یەکجاریی وڵاتەکەی.
شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی و سیاسی لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەستی پێکرد.
هێرشەکان بوونە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس. لە بەرانبەردا، ئێران چەندین هێرشی مووشەکیی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە، هاوکات گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان دروست کرد.
بەردەوامیی شەڕەکە وای کرد وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی نێوەندگیری بدەن. لە 8ـی نیسانی 2026 بە نێوەندگیریی راستەوخۆی وڵاتی پاکستان، ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا راگەیەنرا. لە ئێستادا گفتوگۆکان لە تاران و ئیسلام ئاباد بەردەوامن بۆ گۆڕینی ئاگربەستە کاتییەکە بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.