ترەمپ: کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانیمان پەکخست و دەستمان بەسەردا گرت
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی کوتوپڕدا توندبوونەوەی کردەیی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکای ڕاگەیاند؛ دوای ئەوەی کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانی فەرمانی وەستانی جێبەجێ نەکرد، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان پێکا و پەکخست. ئەم ڕووداوە لە دەریای عومان، قۆناغی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد بەرەو گرژییەکی بێپێشینە دەبات.
یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە دەریای عومان، کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانییان پەکخستووە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
بەپێی پەیامێکی ترەمپ کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی بە ناوی "تۆسکا" (TOUSKA)، کە درێژییەکەی 900 پێیە و کێشەکەی نزیکەی کێشی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرە، هەوڵیداوە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بشکێنێت و تێپەڕێت؛ ئاشکراشی کرد، کەشتیی جەنگیی ئەمریکی (USS SPRUANCE) رێگری لە کەشتییە ئێرانییەکە کردووە و هۆشداریی پێداوە کە بوەستێت، بەڵام تیمەکەی نێو کەشتییە ئێرانییەکە رەتیانکردووەتەوە فەرمانەکە جێبەجێ بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئێرانییەکان گوێیان نەگرت، کەشتییە جەنگییەکەمان راستەوخۆ تەقەی لێ کردن و کونێکی گەورەی لە ژووری بزوێنەری (Engine room) کەشتییەکەدا دروست کرد و بە تەواوی پەکخست."
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا هێزەکانی مارینزی ئەمریکا چوونەتە ناو کەشتییەکە و بە تەواوی کۆنترۆڵیان کردووە.
کەشتیی "تۆسکا" پێشتریش لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە خرابووە لیستی سزاکانەوە بەهۆی تێوەگلانی لە کارە نایاساییەکان و ترەمپ گوتی: "ئێستا کەشتییەکە لەژێر دەستی ئێمەدایە و خەریکی پشکنینین بۆ ئەوەی بزانین چی لە ناویدایە."
ئەم رووداوە نیشانەی توندبوونی کردەیی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکایە، کە تێیدا واشنتن چیتر تەنیا بە رێگری دەریایی ناوەستێت، بەڵکوو پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەبات بۆ پەکخستن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانەی مەرجەکانی ئەمریکا ڕەت دەکەنەوە. ئەمە یەکەم پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆیە لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەم هەفتەیە.