ئەمریکا 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیادە دەخاتە ناو یەدەگی ستراتیژییەوە

وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە ڕێگەی سیستەمێکی نوێی "قەرزدانی نەوت" بە کۆمپانیاکان، توانیویەتی بازاڕ جێگیر بکات و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران، 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو وەک "سوود" وەربگرێتەوە و بیخاتە ناو کۆگاکانی یەدەگی ستراتیژییەوە.

هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (Fox Business) ڕایگەیاند، نیگەران نییە لە کەمبوونەوەی ئاستی نەوت لە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتەکەی. ڕایت ڕوونی کردەوە، حکوومەتی ئەمریکا نەوتەکەی "نەفرۆشتووە"، بەڵکو بە شێوەی قەرز داویەتی بە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی سووتەمەنی بکات کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست بووە.

وەزیری وزە وردەکاریی ڕێککەوتنەکانی ئاشکرا کرد و گوتی: "هەر بەرمیلێک نەوت کە ئێمە خستوومانەتە بازاڕەوە، ساڵی داهاتوو 1.25 بەرمیل وەردەگرینەوە. ئەمە بەو واتایە دێت کە دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان، 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیادە دەچێتە سەر یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا بەبێ ئەوەی یەک دۆلار لە گیرفانی باجدەران بڕوات."

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی وزە، ئێستا 133 ملیار بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژی بە قەرز دراوە بە کۆمپانیاکان. کۆمپانیاکانیش پابەندن بەوەی نەوتەکە بگەڕێننەوە لەگەڵ بڕێکی زیادە کە دەگاتە 24% بۆ هەندێک گرێبەست.

ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک ستراتیژییەتێکی زیرەک دەبینرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی وزە لە کاتی قەیرانی جەنگدا، هاوکات گەرەنتی پڕکردنەوەی کۆگاکانی نەوتی وڵاتەکەش دەکات بۆ قۆناغی دوای جەنگ.

لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، نرخی سووتەمەنی لە جیهان و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.