میدیای ئیسرائیلی وردەکاریی رێککەوتنە نهێنییەکەی ئەمریکا و ئێران بڵاو دەکاتەوە

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی وردەکاریی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییەی بڵاو کردەوە کە بڕیارە لە ئیسلامئاباد یەکلا بکرێتەوە. لە کاتێکدا واشنتن و تاران بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگ هەنگاو دەنێن، ئیسرائیل وا هەست دەکات کە لەم رێککەوتنەدا پشتگوێ خراوە، بەتایبەت لە مەرجی مانەوەی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێراندا کە تەلئەڤیڤ بە مەترسییەکی گەورەی دەبینێت.

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی پەردەیان لەسەر ئەو چوارچێوەیە لادا کە لەم چەند رۆژەی دواییدا لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گفتوگۆی لەسەر کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. هەرچەندە هێشتا رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ نەکراوە، بەڵام خاڵە سەرەکییەکان یەکلا کراونەتەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژە رێککەوتنەکە:

1- راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 15 ساڵ. ئەمریکا داوای 20 ساڵی دەکرد و ئێران زۆر کەمتر، دواجار لەسەر 15 ساڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن.

2-  تەواوی کۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران دەگۆڕدرێت بۆ سووتەمەنی ئەتۆمی، ئەمەش وادەکات دووبارە پیتاندنەوەی بۆ مەبەستی سەربازی زۆر ئەستەم بێت.

3- خاڵێک کە ئیسرائیلی زۆر نیگەران کردووە ئەوەیە کە یۆرانیۆمەکە لە ناو خاکی ئێراندا دەمێنێتەوە و بۆ دەرەوە ناگوێزرێتەوە.

4- دەبێت ئێران رێگە بدات بە پشکنینی تەواوەتی و بێ مەرجی تەواوی وێستگە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.

5- کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا و گەرەنتی کردنی ئاسایشی دەریاوانی.

6- کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە کەنداو.

7- هەڵگرتنی تەواوی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، کە ئەمە گەورەترین دەستکەوتی تارانە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەم رێککەوتنە. بەرپرسانی ئیسرائیلی پێیان وایە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان دەبێتە هۆی بەهێزکردنەوەی ئێران، لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی جەنگەکە ئەوە بوو کە فشارە ئابوورییەکان هێندە توند بن کە تاران ناچار بە گۆڕانکاریی ریشەیی بکات.

رۆژنامەنووسە ئیسرائیلییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ناو تەلئەڤیڤ تێڕوانینێک هەیە کە دەڵێت: "دۆخی ئێستا باشترە لەم رێککەوتنە، چونکە رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا دەدات لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن لە ناوچەکەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک."

ئەم رێککەوتنە ئەگەر واژۆ بکرێت، کۆتایی بە قۆناغێکی خوێناوی لە ناوچەکە دەهێنێت، بەڵام ئیسرائیل وا هەست دەکات کە واشنتن لە مەرجی دەرکردنی یۆرانیۆم لە ئێران پاشەکشەی کردووە، ئەمەش مەترسییە ئەمنییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ لە داهاتوودا دەهێڵێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکانیان روو لە ئیسلامئاباد بکەن.