وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێوارەی ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەگاتە پاکستان

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستان دەگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ئێران و ئەمریکاش هەریەکەیان چەند مەرجێکیان بۆ دانوستان هەیە.

رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمریکی رایگەیاندووە، بڕیارە سبەی سێشەممە، گەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکاتەوە، بۆئەو مەبەستەش وا چاوەڕوان دەکرێت ئێواری ئەمڕۆ جەی دی ڤانس،جێگری سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی بگەنە پاکستان.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپییەوە، ئەمریکا و ئێران دەیانەوێت لانیکەم لەم گەڕەی دانوستان لەسەر چەند خاڵێک بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش، هەرچەندە بۆشایی گەورە لە نێوانیاندا هەیە.

مەرجەکانی ئەمریکا وەکو لە میدیاکان باسکراوە بریتین لە، کردنەوەی گەرووی هورمز، راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ، دانانی سنوورێک بۆ پەرەپێدانی مووشەک و کۆتایهێنان بە هاوکاریکردنی گرووپەچەکدارەکان لەناوچەکەدا، لە بەرامبەردا مەرجەکانی ئێران بۆ شاندنی ئەمریکا بریتین لە، هێشتنەوەی کۆنترۆڵی بەسەر گەرووی هورمز، هەڵگرتنی سزاکانی سەری و کەمکردنەوەی ئەوە ماوەیەی کە ئەمریکا بۆی داناوە تا یۆرانیۆم نەپیتێنێت.

هاوکات دوێنێ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نوێنەرەکانم بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون.

شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێکرد و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. 

یەکێک لە کاردانەوەکانی تاران بەرانبەر هێرشەکان، داخستنی گەرووی هورمز بوو بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا، بەڵام ئەمریکا بە خێرایی گەمارۆی خستە سەر گەرووەکە. دواتر بە نێوەندگیریی راستەوخۆی پاکستان، ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەنرا بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی و گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی. 

سەرەڕای ئاگربەستەکە، گرژییەکان لە دەریادا بەردەوامن و مەترسیی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستەکەیان دروست کردووە. لە ئێستاشدا پاکستان رۆڵێکی سەنتەری دەگێڕێت لە کۆکردنەوەی لایەنەکان، بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنی ئەمنیی بێپێشینەی لە پایتەختەکەی گرتووەتەبەر بۆ میوانداریکردنی شاندە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.