ناتانیاهۆ: هیچ رێککەوتنێکی فەرمی بۆ ئاگربەست لە لوبنان لەئارادا نییە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: کە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان هێشتا بە تەواوی دانەڕێژراوە و لەبەر ئەوەی حزبوڵڵا دژایەتیی دەکات، ئێستا لە روانگەی ئیسرائیلەوە هیچ رێککەوتنێکی فەرمی بوونی نییە.
هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بڵاوی کردەوە، "رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان هێشتا بە تەواوی نەنووسراوەتەوە و حزبوڵڵا دژایەتیی دەکات، بۆیە هیچ رێککەوتنێکی راستەقینە لە ئارادا نییە."
لە لایەکی دیکەوە ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، رایگەیاند: سوپا بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەرفراوانکردنی هێرش و شەڕ لە لوبنان.
زامیر ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەگەر بکرێت بگەینە ئاگربەست بەو مەرجانەی بۆ ئێمە قبووڵکراون، باشترە ئەمڕۆ رووبدات نەک مانگێکی دیکە بە هەمان مەرج."
هەر بەپێی سەرچاوەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هێشتا هیچ رێنماییەکیان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست پێنەگەیشتووە و، جموجۆڵە سەربازییەکان لە لوبنان وەک خۆیان بەردەوامن.
هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی دەڵێن مەرجەکانی تەلئەڤیڤ بۆ ئاگربەست پێکهاتوون لە چەکداماڵینی باشووری لوبنان تا باکووری رووباری لیتانی و، هێشتنەوەی ناوچەی ئەمنی کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە و، پێدانی ئازادیی جووڵە بە سوپای ئیسرائیل بۆ نەهێشتنی هەڕەشە دەستبەجێیەکان.
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تێگەیشتنی بۆ ئەم مەرجانەی ئیسرائیل نیشانداوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ رایگەیاندبوو ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەست، بەو مەرجەی حزبوڵڵا پابەند بێت بە راگرتنی هێرشەکانی و کشانەوە لە ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی.