ئەکسیۆس: دانوستانەکانی واشنتن و تاران گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر جددی
ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ئێران، سەردانێکی نهێنی و رانەگەیەندراویان بۆ تاقیگەی نیشتمانیی "ئۆک ریج" لە ویلایەتی تێنسی ئەنجامدا. ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆیە لەگەڵ تیمێکی 100 کەسی لە شارەزایانی ئەتۆمی بۆ ئامادەکاریی تەکنیکی لە ئەگەری واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، واشنتن دەیەوێت پێشوەختە تیمە تەکنیکییەکانی ئامادە بن ئەگەر دانوستانەکان بگەنە ئەنجام. تاقیگەی "ئۆک ریج" ناوەندی سەرەکیی شارەزایانی پیتاندنی یۆرانیۆم و تەکنەلۆژیای سەنتەرفیوجە لە ئەمریکا. بەرپرسێکی ئەمریکی لەم بارەیەوە گوتی: "ئەم کۆبوونەوەیە بەو واتایە نییە کە رێککەوتنەکە حەتمییە، بەڵام نیشانەی ئەوەیە دانوستانەکان لە قۆناغێکی زۆر جددی دان."
ئەو پێگەیە ئەمریکییەکە باسی لەوەش کرد، ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان لەسەر چوارچێوەی یاداشتنامەیەکی 60 رۆژەیی رێککەوتوون کە تێیدا ئاگربەست درێژ دەکرێتەوە، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و رێگە بە ئێران دەدرێت نەوت بفرۆشێت، لە بەرامبەردا گفتوگۆ لەسەر کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران دەستپێدەکات، بەڵام هێشتا دوو کێشەی سەرەکی ماون:
1. کاتی کەمکردنەوەی پیتاندن: ترەمپ داوا دەکات لە ماوەی 60 رۆژدا پڕۆسەی کەمکردنەوەی ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراو تەواو بێت، بەڵام ئێرانییەکان داوای 90 رۆژ دەکەن.
2. داراییە بلۆککراوەکان: ئێران داوا دەکات بەشێک لە ملیارەها دۆلارە سڕکراوەکەی دەستبەجێ ئازاد بکرێت، بەڵام ئەمریکا دەڵێت تەنیا دوای هەنگاوی کردەیی و رێککەوتنی کۆتایی پارەکان ئازاد دەکرێن.
ئاماژەشی داوە، ئەو تیمەی نێردەکانی ترەمپ لە تێنسی چاویان پێیان کەوتووە، پێکهاتوون لەو شارەزایانەی کە پێشتر لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی عومان و پڕۆسەی گواستنەوەی یۆرانیۆم لە ڤەنزوێلاوە بۆ ئەمریکا بەشدار بوون. ئەرکی ئەم تیمە داڕشتنی پلانێکی ورد دەبێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران و چاودێریکردنی پابەندییەکانی تاران.
سەرەڕای نیشانە ئەرێنییەکان، بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە لە ناوخۆی تاراندا جۆرێک لە دووبەرەکی هەیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشنیازەکانی ترەمپ. راوێژکارێکی رێبەری باڵای ئێرانیش بە کەناڵی (CNN)ی راگەیاندووە، دانوستانەکان لەسەر پرسی پارە بلۆککراوەکان چەقیاون و "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە."
هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانێکدا بۆ ئەکسیۆس ڕایگەیاند، واشنتن دەیەوێت بە تەواوی ئامادە بێت بۆ قۆناغی داهاتووی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە کە "لە کاتی گەیشتن بە هەر جۆرە تێگەیشتن یان ڕێککەوتنێکی سەرەتایی، تیمێکی پسپۆڕ و شارەزا بۆ بەشداریکردن لە وردەکاریی دۆسیە ئەتۆمییەکە پێکدەهێندرێت."
هەر بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە، ئیدارەی ئەمریکا ئێستا "نیشانە و ئاماژەی پۆزەتیڤ" لە دانوستانکارە ئێرانییەکانەوە پێدەگات، کە ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان دەبینرێت.
بەرپرسەکە باسی لەوەش کرد، "لە ناوخۆی ئێراندا دابەشبوون و ناکۆکی هەیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن و چوونە پێشەوە لەگەڵ پڕۆسەی ڕێککەوتنەکە." ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی تاران هێشتا لەسەر هەموو وردەکارییەکانی ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە کۆک نین.