پاکستان هۆشداریی دەداتە ترەمپ
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، میدیا نێودەوڵەتییەکان رایانگەیاند، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەوڵەکان چڕتر دەبنەوە بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچێت، هۆشدارییەکانی ناوبژیوانی پاکستانی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە بەردەوامی گەمارۆی گەرووی هورمز ئاشکرا کرد.
ئاژانسی ئاسۆشێیتد پرێس لە زاری بەرپرسێک کە بەشدارە لە هەوڵەکانی نێوەندگیری رایگەیاندووە، "نێوەندگیرەکان رێکخستنەکانی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی پێدێنن، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان هەڵوێستەکانیان."
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانەوە رایگەیاندووە، "هێشتا ناکۆکی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی هەیە، بۆشاییەکانی نێوان هەردوولا بەرتەسک نەبووەتەوە، بەڵام بەردەوامی فشارەکانی ئەمریکا بە هۆکارێک دادەنرێت کە رێگری لەپێشوەچوونی دانوستانەکە دەکات."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەردەوامی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر گەرووی هورمز کاریگەری نەرێنی لەسەر دانوستانەکان هەیە."
سەرچاوەیەکی ئەمنی پاکستان رایگەیاند، سوپاسالاری پاکستان و ترەمپ گفتوگۆیان کردووە، لەو گفتوگۆیەدا ترەمپ ئاگادار کراوەتەوە بەردەوامبوونی گەمارۆی گەرووی هورمز بەربەستە لە بەردەم دانوستانەکان.
سەرچاوەکە دەشڵێت، "سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ رەچاوکردنی ئەم هۆشدارییە."
هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لە ئێستا هیچ پلانێک بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی دیکەی دانوستان نییە، گوتیشی، "پرۆسەی دیپلۆماسی رووبەڕووی ئاڵۆزییەکی گەورە دەبێتەوە."