سوودانی لیژنەیەک بۆ دۆسیەی "ونبوونی 36 فڕۆکە" پێکدەهێنێت
ماوەی دوو رۆژە کارمەندانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک دژی بڕینی بەشێک لە مووچەکانیان و پەرەسەندنی گەندەڵی و خراپیی کارگێڕی لە نێو کۆمپانیاکەدا. هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند دۆسیەیەکی هەستیار پێکدەهێنێت.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، خۆپیشاندەران چەندین دۆسیەی گەندەڵی گەورە دەورووژێنن، کە دیارترینیان دۆسیەی "ونبوونی 36 فڕۆکە"یە. بە گوتەی خۆپیشاندەران، ئەو فڕۆکانە لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا دژی ئێران لە ئەرکدا بوون، بەڵام دوای جەنگ نەگەڕاونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و چارەنووسیان نادیارە.
لە کاردانەوەی ئەم دۆخەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە سەر هێڵ و لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ هەڵماڵینی گەندەڵییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ئەندامییەتی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی چاودێری کەیسە تایبەتەکان دەبێت، ئەرکی سەرەکییان لێکۆڵینەوە دەبێت لە سەرجەم ئەو گومان و گەندەڵییانەی لە نێو کۆمپانیاکەدا بوونیان هەیە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 42 ڕۆژ بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا، سەرجەم گەشتەکان ڕاگیرابوون.