فاینانشاڵ تایمز: مەترسیی دروستبوونی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا هەیە
بازرگانان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن کە جیهان کاتێکی زۆر کەمی لەبەردەم دایە بۆ رێگریکردن لە قەیرانی خۆراک، ئەوەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی گاز، بەرهەمهێنانی پەینی کیمیاوی و جوڵەی گواستنەوەی دانەوێڵەیان پەکخستووە.
لە کۆنفرانسی "فاینانشێڵ تایمز" بۆ کاڵاکان لە لۆزان، بازرگانانی وزە و خۆراک رایانگەیاند، پەککەوتنی رێڕەوەکانی وزە لە گەرووی هورمز مەترسیی دروستبوونی شۆکێکی گەورەی لە بازاڕی خۆراکدا زیاتر کردووە. گەرووی هورمز رێڕەوێکی ستراتیژییە و پێنجیەکی هەناردەی نەوت و گازی جیهان و سێیەکی بازرگانیی پەینی کیمیاوی لەوێوە تێدەپەڕێت.
پابلۆ گالانتێ ئیسکۆبار، بەرپرسی بەشی گازی شل لە کۆمپانیای ڤیتۆڵ رایگەیاند، لەو کاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوبات هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، بەکارهێنانی گاز لەلایەن کارگەکانی پەینی کیمیاوی بە رێژەی 40% کەمبووەتەوە. ئیسکۆبار هۆشداری دا کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، قەیرانی وزە دەگۆڕێت بۆ قەیرانی خۆراک، چونکە کەمبوونەوەی پەین دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرزبوونەوەی نرخەکان.
هاوکات، لویسا فۆلیس، بەرپرسی شیکاری لە کۆمپانیای کلارکسۆنز ئاماژەی بەوە کرد، ئاڵۆزییەکان کاریگەرییان لەسەر کەناڵی پەنەماش دروست کردووە. بەهۆی ئەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان پارەیەکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی زووتر تێپەڕن، کەشتییەکانی هەڵگری دانەوێڵە ناچارن نزیکەی 40 رۆژ چاوەڕێ بکەن، ئەمەش وایکردووە تێچووی گواستنەوەی گەنم بە رێژەی 50 بۆ 60% بەرز بێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڤیجای چاکراڤارتی، بەرپرسی باڵا لە کۆمپانیای لویس درێفۆس رایگەیاند، بازاڕەکان هێشتا بە تەواوی ئامادە نین بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکانی ئەم ئاڵۆزییانە. ئەو هۆشداری دا کە ئەگەر ئەم پەککەوتنە تەنیا 6 مانگی دیکە بەردەوام بێت، کاریگەرییەکانی تاوەکو ساڵی 2027 لەسەر سوڕی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ دەمێننەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتان روو لە کۆگاکردنی خۆراک بکەن، ئەمەش نرخەکان زیاتر بەرز دەکاتەوە.