گوتەبێژی ئەوقاف: سەرەتای مانگی داهاتوو حاجیان بەرەو سعوودییە بەڕێدەکەون

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەبارەت بە پڕۆسەی حەج، هەموو ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەج کۆتایی هاتووە. 

گوتەبێژی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش دا، یەکەم کاروانی حاجیانمان لە7ـی ئایار لە رێگەی وشکانییەوە بە پاس سەفەری ماڵی خودا دەکەن و کاروانەکان بەردەوام دەبن. ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ 5 هەزار و 120کەسە. هەموو ئەو حاجیانە لە رێگەی قافڵەی جیاجیا لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم بە شێوەیەکی رێکخراو بەڕێدەکەون بۆ شاری مەدینەی ."

سەبارەت بەو کەسانەی دەیانەوێت بە شێوەی نایاسایی حەج بکەن، ئەمساڵ حکوومەتی سعوودیە راگەیاندراوێکی زۆر روونی بڵاوکردووەتەوە؛ هەر کەسێک بە ڤیزای جیاواز (جگە لە ڤیزای حەج) بە قاچاخ یان بە شێوەی نائاسایی بمێنێتەوە، بە توندی سزا دەدرێت. سزا داراییەکە لە 5 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە زیندانیکردنیش. بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین تەنیا لە رێگەی فەرمیی وەزارەتی ئەوقافەوە سەفەر بکەن."

لەبارەی گەڕانەوەی پارەی حاجیانیش، ساڵی رابردوو بڕە پارەیەک وەک قەرەبوو بۆ حاجیان گەڕێنرایەوە. ئەمساڵیش وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی تێچووی هاتووچۆی حاجیان بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە و بڕە پارەیەکیان بۆ بگەڕێتەوە.