پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ گەڕاندنەوەی فراکسیۆنی پارتی پێکدەهێنێت

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ داوای لە فراکسیۆنی پارتی کرد بگەرێتەوە پەرلەمان و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک دەنێرێتە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کرد کە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن. ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە گفتوگۆکردن دەبێت لەگەڵ پارتی کە ماوەیەکە لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دوورکەوتوونەتەوە.

تەوەرەی سەرەکیی بڕیارەکەی پەرلەمان، گەڕاندنەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ نێو هۆڵی کۆبوونەوەکان. بڕیار دراوە کە لیژنە پێکهێنراوەکە سەردانی فراکسیۆنی پارتی بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی بوونەتە هۆی بایکۆتکردن یان بەشدارینەکردنیان لە دانیشتنەکاندا.

پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم لیژنەیەوە، زەمینەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی نیشتمانی بڕەخسێنێت، تاوەکو پەرلەمان بتوانێت لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ناوچەکە و عێراق پێیدا تێپەڕ دەبن، بە ئامادەبوونی تەواوی پێکهاتەکان بڕیارە گرنگ و یاساییەکان بدات.

شەممە، 18ـی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا، هەڵوێستی کۆتایی خۆی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای پەرلەمان راگەیاند و بڕیاری دا بە شێوەیەکی کراوە و تا کاتێکی نادیار، بایکۆتی سەرجەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتبوو، ئەم بڕیارە وەک ناڕەزایەتییەک دەردەبڕدرێت بەرامبەر بەو "پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی" کە لە نێو پەرلەماندا روودەدەن.