ئاسایشی هەولێر تۆمەتباری هێرشکردنە سەر چەند مزگەوتێکی دەستگیر کرد

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینییەکان کرا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە هێرشی کردبووە سەر چەند مزگەوتێکی شارەکە و مامۆستایانی ئایینیش سکاڵای یاسایییان لە دژی تۆمار کرد.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە لە ماوەی رابردوودا هێرشی کردبووە سەر چەند مزگەوتێکی شاری هەولێر. ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاری زیاتر لەبارەی ناسنامە و هۆکاری هێرشەکانی تۆمەتبارەکە بڵاو دەکەنەوە.

هاوکات، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی شاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم مزگەوتی گەورە، هەڵوێستی توندیان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە نیشان دا. مامۆستایانی ئایینی رایانگەیاند، ئەو جۆرە کارانە هەوڵێکن بۆ تێکدانی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و سوکایەتیکردنە بە قورئانی پیرۆز و بیری موسڵمانان.

لە کۆنفرانسەکەدا مامۆستایان جەختیان کردەوە کە سکاڵای یاسایییان لە دژی ئەو کەسە تۆمار کردووە و داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد رێگری لە هەر دەستێکی تێکدەر بگرن کە بیەوێت فیتنە و ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست بکات.

هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد، کەسایەتیی ئایینی پێکهاتە جیاوازەکانی وەک مەسیحی، ئێزدی و کاکەیی پەیوەندییان پێوە کردوون و پاڵپشتی خۆیان بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان نیشان داوە. مامۆستایانی ئایینی سوپاسی هێزەکانی ئاسایشی هەولێریان کرد بۆ خێرایی لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و داوای سزای توندیان بۆ ئەنجامدەرانی ئەو کارە کرد.