دلاوەر عەلائەدین: ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە ئامانجەکانی پێکاوە، بەڵام لەلایەنی سیاسییەوە نا

سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە: ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران لەرزۆکە و جەنگی سارد دەستی پێکردووە.

دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI)
دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI)

دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI) رایگەیاند، کە ئاگربەستی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران لەرزۆکە و جۆرێک لە جەنگی ساردی درێژخایەن لە نێوانیاندا دەستی پێکردووە. ئاماژەی بەوە کرد هەرچەندە ئەمریکا گورزی کوشندەی سەربازیی و ئابووریی لە تاران داوە، بەڵام بەهۆی هەڵەی ستراتیژییەوە نەیتوانیوە ئامانجە سیاسییەکەی کە "گۆڕینی دەسەڵات" بوو، بپێکێت.

چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، دلاوەر عەلائەدین، لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24دا، شیکاریی بۆ دۆخی دوای پێکدادانەکانی ئەمریکا و ئێران کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە بردوویەتییەوە؛ سەرکردەی زۆری کوشتووە و گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر ئێران، بەڵام لە رووی سیاسییەوە هێشتا نەیبردووەتەوە."

بە بڕوای عەلائەدین، دیاریکردنی "گۆڕینی دەسەڵات" وەک ئامانجی جەنگ لە لایەن واشنتنەوە کارێکی هەڵە بوو، چونکە ئێستا کە دەسەڵاتی تاران ماوە، ئێرانییەکان ئەمە بە سەرکەوتنی خۆیان دەبینن.

ئامانجەکانی ترەمپ لە جەنگ

لە بارەی پاڵنەرەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەم جەنگە، دلاوەر عەلائەدین ئاماژەی بە چەند خاڵێکی سەرەکی کرد، لەوانە، ترەمپ دەیەوێت دوای وێرانکردنی ژێرخانی ئێران، پڕۆژەی ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنێت، واشنتن دەیەوێت ئەو نەوتەی ئێستا بۆ چین دەچێت، بکەوێتە ژێر چاودێری ئەمریکا و کۆنتڕۆڵی تەواوی وزەی ناوچەکە بکات؛ هاوکات لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمیی تاران ئامانجێکی سەرەکی بووە.

سەرۆکی ئینستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتیشی: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل توانیی لە سەر ئەو ئامانجانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازی بکات و ئەو جەنگە دەستپێبکات.

ئامانجی تاران مانەوەی لە دەسەڵاتە، خۆشگوزەرانی نییە

عەلائەدین جەختی کردەوە کە ئێران چیتر ئەو هێزەی جارانی نەماوە و ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەوەیە دەسەڵاتەکەی لە ناوخۆدا بەهێز بکاتەوە و ژێرخانی وێرانبووی وزە و ئابوورییەکەی چاک بکاتەوە. گوتیشی: "تاران ئامانجی تەنیا پاراستنی دەسەڵاتە، نەک خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی."

نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەگۆردرێت

سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری پێشبینی دەکات نەخشەی سیاسیی ناوچەکە گۆڕانکاریی گەورە بەخۆوە ببینێت، لەوانە، ئەو هێز و گرووپانەی نزیک بوون لە ئێران، ئێستا کەنارگیر کراون، وڵاتانی ناوچەکە و کەنداو زیاتر لە ئیسرائیل نزیک دەبنەوە و عێراق بەهۆی هەژموونی تاران و رقی مێژوویی بەرانبەر ئیسرائیل، بە زوویی هەنگاو بەرەو ئاساییکردنەوە نانێت، بەڵام دوای ئەوەی وڵاتانی دەوروبەری هەنگاو دەنێن، ئەویش نەرمیی دەنوێنێت.

عەلائەدین ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لە ناوخۆیدا سێ جۆر دەسەڵاتی تێدایە حکومی، سیاسیی نزیک لە ئێران، و گرووپە چەکدارەکان کە هەر یەکەیان بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی جەنگەکەدا کردووە، هەندێکیان خۆیان پاراستووە و هەندێکیشیان یەکلایی ببوونەوە.

هەرێمی کوردستان لە نێوجەرگەی ئاگر دایە

دلاوەر ئاماژەی بەوە کرد هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاستی ئاگرێکی گەورەدایە و لە هەموو لایەکەوە بە بڕیار و دەسەڵاتی ئەکتەرە سیاسییە بەهێزەکان دەورەدراوە. هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد، هەرێم تا ئێستا ئامانجی راستەوخۆی جەنگێکی چڕ نەبووە و پێگەیەکی پارێزراوی هەبووە، بەڵام جەختی کردەوە کە کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە وەک درۆن و مووشەکەکان، ئاسمانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و زیانی پێ گەیاندووە.

سەرۆکی ئینستیتوتی مێری روونیکردەوە، کە تاران بە گومان و لە روانگەیەکی ئەمنییەوە سەیری هەرێمی کوردستان و دەوروبەری دەکات، چونکە پەیوەندییە باشەکانی نێوان هەولێر و واشنتن وەک "هەڕەشە و خەتەر" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت. ئەمەش بە بڕوای ئەو، باجی شێوازی سیاسەتی ئێران و پێگەی جوگرافیی هەرێمە کە وای کردووە هەمیشە لە ژێر مەترسیی پەرچەکردارە ئەمنییەکاندا بێت.

دکتۆر دلاوەر داوای لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی هەرێم کرد کە کار بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ناوخۆیی بکەن. ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان هێندە بەهێز بێت کە بتوانێت پارێزگاری لە خاک و خەڵکی خۆی بکات و چیتر بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی چاوەڕوانی دەستی ئەمریکا نەبێت، بەڵکو پێویستە خۆی توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی هەبێت.