52 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی تێپەڕ دەبێت
52ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی تێپەڕ دەبێت و بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتی و مامۆستا و قوتابی شەهید و برینداربوون.
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، 52 ساڵ بەسەر تاوانی بۆردومانکردنی قەڵادزێی ناوەندی شارۆچكەی پشدەر و زانکۆی سلێمانی بە بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵم تێپەڕدەبێت، زامەکانی کارەساتەکە نە سارێژبوون و نە لە بیر دەکرێن، چونکە بە هۆی پارچە پارچە بوونی جەستە قوربانییەکان ناچاربوون هەر چەند شەهیدێک بە یەکەوە لە یەک گۆڕدا بە خاک بسپێرن.
دوای 52 ساڵ لە بۆردومانەکەی 24ی نیسانی ساڵی 1974ی قەڵادزێ کە 163 کەس لە مامۆستایانی زانکۆ و قوتابی و ھاووڵاتی شەهید بوون و 300 کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام تا وەکوو ئێستا کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە.
ئەو گۆڕستانەی شەهیدانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ لە باوەش گرتووە، قوربانییانی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان و تەنانەت باکوور و ڕۆژئاوای كوردستانیشی تێدایە، ئەوان قوربانی ئەو بۆردومانە سەختەبوون كە ڕژێمی پێشووی عێراق 52 ساڵ لەمەوبەر، بە چوار فڕۆکە بۆمبى ناپاڵمیان بەسەر شارەکەدا باراند و خەڵکەکەیان خەڵتانى خوێن کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەی سەر شارۆچکەکە و زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات گواسترابوەوە قەڵادزێ، لەو شارۆچکەیە بە ئامانج گرت.