لێکۆڵینەوەیەک: گازە ژەهراوییەکانی جەنگی ئێران یەکسانە بە دەردانی کاربۆنی 84 وڵات

توێژینەوەیەکی نوێی ژینگەیی زەنگێکی مەترسیدار لێدەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو گازە کاربۆنییانەی لە ئەنجامی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ماوەی تەنها دوو هەفتەی یەکەمدا کەوتوونەتە ناو بەرگەهەواوە، هێندەی بڕی دەردانی ساڵانەی 84 وڵاتی بچووکی جیهانە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن پەیمانگای "کەشوهەوا و کۆمەڵگە" (CCI) بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان 28ـی شوبات تاوەکوو 14ـی ئادار، جەنگی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران بووەتە هۆی دەردانی 5.1 ملیۆن تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕە لە ئاستی دەردانی ساڵانەی وڵاتێکی وەک ئایسلەندا زۆر زیاترە و هەڕەشەیەکی جدییە بۆ خێراکردنی پرۆسەی گەرمبوونی زەوی.

سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە لە جەنگەکەدا:

1-  وێرانکردنی ژێرخانی مەدەنی:  بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، گەورەترین سەرچاوەی کاربۆن چەک و فڕۆکەکان نەبوون، بەڵکو وێرانکردنی باڵەخانەکان بووە، ئەمەش بەهۆی رووخانی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، 77 ناوەندی تەندروستی و 96 قوتابخانە، بڕێکی زۆر کاربۆن تێکەڵی بەرگەهەوا بووە.
2-  کەرتی نەوت:  هێرشکردنە سەر کۆگا و پاڵاوگەکانی نەوت لە تاران و دەوروبەری، هەروەها هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی نەوت لە کەنداو و گەرووی هورمز، بووەتە هۆی سووتانی ملیۆنان بەرمیل نەوت کە دووەم گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی هەوا بووە.
3-  سووتەمەنی سەربازی:  بەکارهێنانی سووتەمەنی بۆ تانک، فڕۆکە و ئۆتۆمبێلە لۆجیستییەکان بڕی 529 هەزار تۆن کاربۆنی بەرهەمهێناوە.
4-  موشەک و درۆن:  تەنها لە دوو هەفتەدا، بەکارهێنانی موشەک و درۆن 55 هەزار تۆن گازی ژەهراوی خستووەتە ناو هەواوە.

باجی جەنگ لەسەر شانی خەڵکی سڤیل:
پاتریک بیگەر، یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە دەڵێت : "ئەم جەنگە بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش نییە، بەڵکو جەنگێکە کە ئابووری سیاسیی سووتەمەنییە بەردینەکان (نەوت و گاز)، لە کۆتاییدا تەنها خەڵکی سڤیل و چینە کرێکارەکان لە جیهاندا باجە ژینگەیی و ئابوورییەکەی دەدەن."

کارەساتی دوای جەنگ و قۆناخی بنیاتنانەوە:
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییانەی لە ئێران و ناوچەی کەنداو دروست بوون، بڕێکی زۆرتر گازی کاربۆنی لێدەکەوێتەوە کە چەندین جار لە خودی کاتی جەنگەکە زیاتر دەبێت، ئەمەش هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە لە غەززە، لوبنان و ئۆکرانیا بینراوە، کە تیایدا تێچووی ژینگەیی بنیاتنانەوە دەیان ملیار دۆلار و ملیۆنان تۆن کاربۆنی زیادەیە بۆ سەر زەوی.