لە سلێمانی نرخی سووتەمەنی دابەزی
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی راگەیاند، نرخی سەرجەم جۆرەکانی سووتەمەنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەزیوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، بەهمەن شێخ قادر گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، نرخی یەک لیتر گاز 100 دینار دابەزیوە و ئێستا هەر لیترێک بوە بە 1000 دینار کە پێشتر بە 1100 دینار بوو.
لەبارەی دابەزینی نرخی نەوت گوتیشی: لیترێک نەوتی سپی و گازوایل هەریەکەیان 50 دینار دابەزیوە.
سەبارەت بە نرخەکانی بەنزین، گوتەبێژی بەنزینخانەکان روونی کردەوە، هەر سێ جۆری بەنزین (نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر) بۆ هەر لیترێک 25 دینار دابەزیوە.
نرخی جۆرەکانی بەنزین بەم شێوەیە، سوپەر 1300 دینار، موحەسەن 1150 دینار، نۆرماڵ 650 دینارە، هەروەها یەک لیتر گاز بە 800 دینارە و نەوتی سپیش بە 775 دینارە.
لەبارەی پێویەتییەکانی رۆژانە، بەهمەن شێخ قادر گوتی: لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان رۆژانە دوو ملیۆن و نیو تاوەکوو دوو ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزیمان پێویستە، لەبارەی پێویستییەکانی گازی شلی ماڵان (LPG) دەڵێت، داتایەکی ورد لەوبارەوە نییە بەڵام لەم وەرزە، رۆژانە پێویستمان بە 150 هەزار لیترە.