هۆزێکی گەورەی شرناخ چەند بڕیارێکی نوێ بۆ ئاسانکاریی زەماوەندی گەنجان دەردەکات
چیدی ئاهەنگەکانی زەماوەند لە شرناخی باکووری کوردستان وەک پێشوو نابێت، یەکێک لە گەورەترین هۆزەکانی ناوچەکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچوو و رێگریکردن لە بارگرانی دارایی، کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ ڕێوڕەسمەکانی هاوسەرگیری دەرکرد.
لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا کە سەرۆک شارەوانییەکان، موختارەکان و ریشسپایانی هۆزی "گۆیان" تێیدا ئامادە بوون، 21 بڕیاری نوێ سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکان و کڕینی زێڕ پەسند کران. ریشسپیانی هۆزەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە بەرزبوونەوەی تێچووی هاوسەرگیری بووەتە بەربەست لەبەردەم گەنجان، بۆیە پێویستە گۆڕانکاری لە دابونەریتەکاندا بکرێت.
گرنگترین بڕیارەکانی هۆزی گۆیان بریتین لە:
دیاریکردنی بڕی زێڕ: زاوا تەنیا پابەند دەکرێت بە کڕینی 70 گرام زێڕ بۆ بووک و نابێت لەو بڕە زیاتر بێت.
سادەیی لە مارەبڕین: لە ڕێوڕەسمی مارەبڕیندا تەنیا "ئەڵقەیەک" پێشکەشی بووک دەکرێت و پێویست بە زێڕی زیاتر ناکات.
قەدەغەکردنی رازاندنەوەی زیادە: لە کاتی خوازبێنی و مارەییدا، دانانی ستەیج و بەکارهێنانی "دیجەی" قەدەغە کرا، بەجۆرێک نابێت ئەو بۆنەیە بکرێتە ئاهەنگێکی گەورەی هاوشێوەی زەماوەند.
کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان: نرخی هۆڵەکانی زەماوەند و تیمەکانی مۆسیقا بەشێوەیەکی جێگیر دیاریکراون.
پشتگیریکردنی کاسبکارانی ناوخۆ: بڕیار دراوە کە نابێت هیچ جۆرە کەلوپەل یان جلوبەرگێکی تایبەت بە زەماوەند لە دەرەوەی پارێزگای شرناخ بهێنرێت، ئەمەش بە مەبەستی بوژاندنەوەی بازاڕی شارەکە.
ئامانج لە دەرکردنی ئەم 21 بڕیارە، کردنەوەی ڕێگەیە لەبەردەم گەنجان و ئاسانکاریی داراییە، بۆ ئەوەی لە کاتی چوونە نێو "قەفەسی زێڕین"، تووشی کێشەی ماددی و قەرزی زۆر نەبن و بتوانن بە ئاسانی خێزان پێکبهێنن.