زانایان: لە ساڵێ 2025دا گرینلاند 139 ملیار تۆن سەهۆڵی لەدەستداوە

راپۆرتێکی نوێی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، پلەکانی گەرما لە ئەوروپا دوو هێندەی تێکڕای جیهانی بەرزبوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی خێراکردنی توانەوەی سەهۆڵبەندەکان و زیادبوونی مەترسیی لافاو بۆ سەر ملیۆنان کەس لە جیهاندا.

بە گوێرەی راپۆرتێکی فاینانشاڵ تایمز، زانایان رایانگەیاندووە سەهۆڵبەندەکان و رووپۆشی سەهۆڵی گرینلاند لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە کەمبوونەوە. کارلۆ بوۆنتێمپۆ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس ئاماژە بەوە دەکات، هەر یەک سانتیمەتر بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، مەترسی لافاو بۆ سەر شەش ملیۆن کەس لە ناوچە کەناراوییەکان دروست دەکات.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، تەنیا لە ساڵی 2025دا، رووپۆشی سەهۆڵی گرینلاند نزیکەی 139 ملیار تۆن سەهۆڵی لەدەستداوە. ئەم بڕە 1.5 هێندەی هەموو ئەو سەهۆڵەیە کە لە زنجیرە چیاکانی ئەڵپ لە ئەوروپادا هەیە. زانایان دەڵێن ئەگەر هەموو سەهۆڵی گرینلاند بتوێتەوە، ئاستی دەریاکان زیاتر لە حەوت مەتر بەرز دەبنەوە.

لە جەمسەری باکوور پلەکانی گەرما بە خێراییەکی زۆرتر بەرز دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی نەمانی "کاریگەریی ئەلبیدۆ"، چونکە کاتێک بەفر و سەهۆڵ دەتوێنەوە، زەوییە تاریکەکە گەرمای زیاتر دەمژێت و پرۆسەی گەرمبوونەکە خێراتر دەکات. ئەم گۆڕانکارییە وای کردووە کە کەشتییە سەربازیی و بازرگانییەکانی وڵاتان، بەتایبەت رووسیا، چالاکییەکانیان لەو ناوچانە زیاد بکەن کە چاوەڕوان دەکرێت لە هاویناندا سەهۆڵیان تێدا نەمێنێت.

لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی 2025دا بەهۆی زیادبوونی کاتژمێرەکانی خۆر، بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە ئەوروپا گەیشتووەتە 12.5%. بۆ یەکەمجار وزەی با و خۆر پێکەوە زیاتر لە سووتەمەنییە فۆسیڵییەکان کارەبایان بۆ ئەوروپا بەرهەم هێناوە. بەڵام کەمبوونەوەی بەفر و سەهۆڵ دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی ئاوەوە (Hydropower).

زانایان هۆشداری دەدەن کە دیاردەی "ئێل نینۆ" لە کۆتایی مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرمای جیهان لە ماوەیەکی کورتدا هەروەها ساڵی رابردوو وەک سێیەم گەرمترین ساڵ لە مێژوودا تۆمار کراوە و پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکان مەترسیدارتر بن.