حەمە رەئوف کەرکووکی گۆرانی ئەستێرەی بڵاوکردەوە

حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی لەژێر ناوی "ئەستێرە" لە چەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، " بەرهەمی  "ئەستێرە" لە تێکستی ناسری حوسامییە و لە ئاواز و میوزیکی خۆمە، بڵند قەرەداخی کاری میکس و ماسترینگی بەرهەمەکەی کردووە. ریکۆرد و میکسینگ و سەرجەم کارە هونەرییەکانی تۆمارکردن لەلایەن بڵند قەرەداخی ئەنجام دراوە."

حەمە رەئوف گوتیشی، " ئەم بەرهەمە نوێیەم بە شێوازی میوزیکی رۆژهەڵاتی و کلاسیکی شێوە نوێ تێکەڵ کردووە، کە ئەمەش نیشانەی هەوڵی بەردەوامیی منە بۆ گەیاندنی میوزیکی کوردی بە قۆناخێکی نوێ و پاراستنی رەگەزی سەرەکی و رەسەنی هونەری کوردی. هەروەها ئەم شێوازە تێکەڵکراوە وای کردووە بەرهەمەکانم لە نێوان کۆن و نوێدا هاوسەنگییەکی هونەری دروست بکەن."

ئەو هونەرمەندە لەرووی هونەرییەوە باسی بەرهەمە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت، "لە روانگەی هونەرییەوە، ئەم بەرهەمە دەتوانێت وەک قۆناخێکی نوێ لە کارەکانی من ببینرێت، کە تێیدا هەوڵمداوە هەست و مێژوو و زمان و هۆنراوە بە یەکەوە ببەسترێنەوە. ئەم جۆرە بەرهەمانەش رێگەیەکە بۆ بەردەوامبوونی رۆحی میوزیکی کلاسیکی کوردی لە ناو گۆڕانکارییە هونەرییە نوێیەکان دا."

حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1956 لە کەرکووک لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی شاری سلێمانییە. یەکەمین گۆرانیشی بە ناوی "ئەی خەجێی خەجان" تۆمار کردووە. ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەندین گۆرانی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.