زیاتر لە 85%ـی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین کراوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی داشکاندنی %20ـی کارەبا، لە رێگەی پارەدانی ئەلیکترۆنی ئی-پسوولەوە، توانراوە لە مانگی سێ بڕی 3.2 ملیار دینار بۆ هاووڵاتیان بگەڕێندرێتەوە.
وەزارەتی کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو 3.2 ملیار دینارەی بۆ هاووڵاتیان گەڕێندراوەتەوە، لە چوارچێوە داشکاندنی %20ـی کرێی مانگی دووی هاوبەشانی ماڵان بووە، کە لە کاتی پارەدان لە رێگەی سەکۆی ئی-پسوولەوە رێژەی داشکانەکەیان بۆ گەڕێندراوەتەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، هاوبەشانی ماڵان کە بڕی داشکاندنەکەیان زیاترە لە پسوولەی مانگی سێ، بڕی ئەو داشکاندنەی بۆیان ماوە دەخرێتە سەر قەرزی پێش رووناکی.
تاوەکوو ئێستا، نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 85%ی هاووڵاتیانی کوردستان، لە رێگای پڕۆژەی رووناکی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.
| کۆی گشتی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان | ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی 20% | تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان | ژمارەی ئەو هاوبەشانەی پسوولەکانیان یەکسانە بە سفر بەهۆی سوودمەندبوون لە پاڵپشتی 20% |
| 3.2 ملیار دینار | 133,000 | 24,000 دینار | 20,600 |
هەروەها بە گوێرەی نرخە نوێیەکان، 80%ی هاووڵاتیان، بە تایبەتی کەم دەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026.
پڕۆژەی رووناکی کارەبای کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026، ئێستا زیاتر لە 85%ی هاووڵاتیان کارەبای بەردەوامیان هەیە لە پڕۆژەی رووناکی.