بەهای تومەن دابەزینی مێژوویی تۆمارکرد
دوای دوو مانگ لە جێگیربوون، بە رێژەیەکی بەرچاو بەهای تومەن بەرانبەر دۆلار دابەزی و ژمارەی پێوانەیی لە مێژوودا شکاند، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکانی تاران 18 ملیۆن تومەنی تێپەڕاند.
بەر لە دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ، تومەن نزمترین بەهای بەرانبەر دۆلار تۆمار کرابوو، ئەو کات نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە 166 هەزار تومەن.
دواتر جەنگ و ئەو دۆخە نالەبارە ئابوورییەی بەسەر ئێراندا هات، نەک بەهای تومەنی کەم نەکردەوە بگرە تەنانەت لە دوو هەفتەی یەکەمی جەنگ بەهاکەی زیاتر لە 13% هەڵکشاند.
پاشان تومەن نەیتوانی بەرگری لەو بەهایەی خۆی بکات و نرخەکەی رووی لە دابەزین کردەوە، بەڵام هەر لە خوارووی ئەو نرخە مامەڵەی پێوە دەکرا کە بەر لە جەنگ تۆماری کردبوو.
لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە بەهای تومەن بە خێرایی رووی لە دابەزین کردووە و ئێستا نرخی هەر دۆلارێک بە 18 ملیۆن و 75 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.
شکستی دانوستانەکان لە لایەک و بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریاوانیی ئەمریکا و کەمبوونەوەی داهاتی نەوت لەو وڵاتە بە گرنگترین هۆکاری دابەزینی بەهای تومەن هەژمار دەکرێن.
پێشبینی دەکرێت بەهای تومەن زیاتریش دابەزیت، چونکە هێشتا زیاتر لە دوو مانگە بازاڕەكانی بۆرسە لە ئێران داخراون و بە سەدان هەزار کەس بێکار بوون، هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی مێژووییدایە و دۆخێکی زۆر خراپی ئابووری بەسەر ئێراندا زاڵە.