کرێملن: پوتن و ترەمپ 90 خولەک بە تەلەفۆن قسەیان کرد
یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، ئاشکرای کرد، سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "دۆستانە و زۆر راشکاودا" کە زیاتر لە 90 خولەک، نەخشەی داهاتووی جەنگەکانی ئێران و ئۆکرانیایان تاوتوێ کردووە. پوتن هۆشداریی داوە کە هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ناو خاکی ئێراندا "نائەقڵانی و مەترسیدارە"، هاوکات ترەمپ ئومێدی خۆی نیشانداوە کە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جەنگی ئۆکرانیا "زۆر نزیک بێت".
چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی درێژیان ئەنجامداوە کە زیاتر لە کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە.
یوری ئوشاکۆڤ ئاماژەشی داوە، سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پوتن بڕیارەکەی ترەمپی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران بە هەنگاوێکی راست و دروست ناوبرد تاوەکو دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت. بەڵام ئوشاکۆڤ جەختی کردەوە کە پوتن هۆشدارییەکی زۆر جددی داوە.
سەرۆکی رووسیا بە ترەمپی گوتووە کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە نێو خاکی ئێراندا "تەواو نائەقڵانی و مەترسیدارە"؛ گوتیشی: "پەنابردنەوە بۆ هێزی سەربازی لێکەوتەی وێرانکەری دەبێت نەک تەنیا بۆ ئێران و دراوسێکانی، بەڵکوو بۆ تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."؛ هەروەها پوتن پێشنیازی خۆی بۆ چارەسەری پرسی ئەتۆمیی تاران خستووەتەڕوو.
لە پرسی ئۆکرانیادا، ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ بڕوای وایە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە "زۆر نزیکە". پوتن دۆخی بەرەکانی جەنگی بۆ ترەمپ باس کردووە و رایگەیاندووە دەستپێشخەریی ستراتیژی لە دەستی رووسیادایە؛ هاوکات پوتن لەسەر داوای ترەمپ رازی بوو بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ رابگرێت.
ئوشاکۆڤ ئامارێکی فەرمیی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە تا ئێستا، رووسیا تەرمی زیاتر لە 20 هەزار سەربازی ئۆکرانی رادەستی وڵاتەکەیان کردووەتەوە، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا تەنیا 500 تەرمی سەربازانی رووسیای گەڕاندووەتەوە."
یاریدەدەرەکەی پوتن جەختی کردەوە، رووسیا وەک نێوەندگیرێکی کارا بەردەوامە لە پەیوەندییە چڕەکانی لەگەڵ تاران، وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل و ئیدارەی ترەمپ. ئامانجی مۆسکۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئاشتییانەیە کە بەرژەوەندیی هەمووان و سەقامگیریی جیهانی بپارێزێت.
هەردوو سەرۆک هاوڕا بوون کە دەسەڵاتدارانی کیێڤ بە سەرۆکایەتی زێلێنیسکی و بە هاندانی وڵاتانی ئەوروپی، خەریکی درێژکردنەوەی جەنگن. پوتن بە راشکاوی بە ترەمپی گوتووە کە ئۆکرانیا پەنا بۆ "تەکتیکی تیرۆریستی" دەبات و ئامانجی مەدەنی لە نێو رووسیا دەپێکێت. پوتن جەختی کردەوە کە ئامانجە سەربازییەکانی رووسیا هەر بەدی دێن، بەڵام پێی باشە لە رێگەی دانوستانەوە بێت ئەگەر ڤۆلۆدیمێر زێلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا عەقڵانیانە مامەڵە بکات.
گوتیشی: ڤلادیمێر پوتن، لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا هاوسۆزیی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕیوە دوای هێرشەکەی 25ی نیسان لە هۆتێل واشنتن هیڵتن. پوتن ئاماژەی بەوە کردووە کە رووداوەکە رێک لە شەوی پێش یادی لەدایکبوونی میلانیای خانمی یەکەمدا بووە. سەرۆکی رووسیا بە توندی سەرکۆنەی هەر جۆرە توندوتیژییەکی سیاسی کردووە و خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە کە ترەمپ و کەسانی دەوروبەری سەلامەتن.
هەروەها پوتن پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونی لە میلانیای خانمی یەکەم کرد و ستایشی رۆڵی ئەوی کرد لە هەوڵە مرۆییەکان بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی رووسی و ئۆکرانی بۆ لای خێزانەکانیان.