پزیشکیان: تێکچوونی ئاسایشی کەنداو لە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیلە

سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی "رۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس" هۆشداریی توند دەدات و رایدەگەیەنێت، تێکچوونی ئاسایشی کەنداو لە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند، کەنداو گۆڕەپانێک نییە بۆ سەپاندنی ویستی تاکلایەنەی وڵاتانی بیانی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی ئەم ناوچە ستراتیژییە تەنیا لە رێگەی هاوکاری و هەماهەنگی وڵاتانی کەناراوەکەوە دابین دەکرێت.

لە پەیامەکەیدا باسی لەوەکرد، ئەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە، بەشێکی جیانەکراوەیە لە ناسنامەی نەتەوەیی ئێرانییەکان و هێمای سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە گۆڕینی تاکتیکی دوژمنان کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ دوژمنان ستراتیژی گەمارۆی دەریایی و دروستکردنی بەربەستیان لەبەردەم بازرگانی دەریاییدا وەک ئامرازێکی نوێی گوشار بۆ سەر حکوومەت و گەلی ئێران گرتووەتە بەر."

پزیشکیان هۆشداری دا، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی گەمارۆ یان سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دژی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە و ئاشتی و سەقامگیری جیهانییە، دەشڵیت، ئەم جۆرە هەوڵانە شکست دەهێنن.

 لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و بەچڕی ئەو وڵاتەیان بۆردومان کرد و رێبەر و چەندین بەرپرسی باڵای تارانیان کوشت، لە وەڵامدا ئێرانیش هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بۆسەر ئیسرائیل و پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکرد، دوای 39 رۆژ جەنگە وەستا و ئاگربەستی کاتی بە نێوەندگیریی پاکستان راگەیەندرا، هەروەها ئێران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییە بازرگانییەکان داخست و دواتریش ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرە ئاوییەکانی ئێراندا سەپاند.