ئەمریکا بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین AI بەکار دەهێنێت
هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی مینە دەریاییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، پەنای بۆ تەکنۆلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (AI) برد. لە رێگەی گرێبەستێکی 100 ملیۆن دۆلارییەوە، پێنتاگۆن دەیەوێت پرۆسەی دۆزینەوە و ناسینەوەی مینەکان لە شەش مانگەوە بۆ چەند رۆژێک کەم بکاتەوە تاوەکو رێڕەوی وزەی جیهانی بپارێزێت.
هەینی 1ـی ئایاری 20216، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێزی دەریایی ئەمریکا گرێبەستێکی بە بەهای 99.7 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای (Domino Data Lab) واژۆ کردووە. ئەم کۆمپانیایە دەبێتە بڕبڕەی پشتی پڕۆژەی ناسراو بە "AMMO" (Accelerated Machine Learning for Maritime Operations)، کە ئامانجی پەرەپێدانی خێرای فێربوونی ئامێرە بۆ ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان.
تۆماس رۆبنسۆن، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیاکە، دەڵێت: "پێشتر دۆزینەوەی مین کاری کەشتی بوو، بەڵام ئێستا بووەتە کاری زیرەکیی دەستکرد."
ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیە پشت بە یەکخستنی داتای هەستەوەرەکان و سۆنار و وێنەگرتنی ورد دەبەستێت بۆ درۆنە ژێردەریاییەکان. پێشتر 6 مانگی دەخایاند تاوەکو سیستەمەکان فێری ناسینەوەی جۆرە نوێیەکانی مین بکرێن، بەڵام ئێستا لە چەند رۆژێکدا ئامادە دەبن. ئەمە دەرفەت دەداتە ئەمریکا بە خێرایی درۆنەکانی لە هەر ناوچەیەکی جیهانەوە بگوازێتەوە بۆ گەرووی هورمز و دەستبەجێ مینە ئێرانییەکان بناسێتەوە.
لە هەنگاوێکی دیکەی هاوشێوە دا، پێنتاگۆن رایگەیاند، رێککەوتنی لەگەڵ 7 کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنۆلۆژیا واژۆ کردووە بۆ بەکارهێنانی تواناکانیان لە ناو تۆڕە هەواڵگرییە تەواو نهێنییەکاندا. ئەو کۆمپانیایانە بریتین لە: SpaceX, OpenAI, Google, NVIDIA, Microsoft, Amazon و Reflection.
جێگەی سەرنجە کۆمپانیای "ئانترۆپیک" (Anthropic) لەم لیستە نوێیە دوور خراوەتەوە، چونکە پێنتاگۆن وەک "مەترسیی زنجیرەی دابینکردن" پۆلێنی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە ئەو کۆمپانیایە هەڵوێستی بگۆڕێت و بگەڕێتەوە ناو هاوکێشەکە.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، ئێستا زیاتر لە 1.3 ملیۆن کارمەندیان پلاتفۆرمی (GenAI.mil) بەکار دەهێنن بۆ پلاندانانی سەربازی، لۆجیستی و دیاریکردنی ئامانجەکان. ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە نیشانەی ئەوەیە کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکردەوە، جەنگەکان بە خێراییەکی زۆرتر و بە کەمترین زیانی گیانی بۆ هێزەکانی ئەمریکا یەکلا بکاتەوە.