ئێران: گەرووی هورمز بۆمبی ئەتۆمی ئێمەیە

عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز لە رووی گرنگی و کاریگەرییەوە وەک "بۆمبی ئەتۆمیی ئێران" وایە، جەختیشی کردەوە، بە فەرمانی سەرکردایەتی باڵای وڵات، دۆخی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو.

هەینی 1ـی ئایاری 2026، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا کە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "بەڕێوەبردنی لێهاتووانەی کاروباری بەرگری، سەربازی و ئەتۆمی لەلایەن سەرکردایەتییەوە، سەربەخۆیی و کەرامەتی نیشتمانیی ئێرانی پاراستووە"، هاوکات باسی لەوەش کردووە، ئەمریکا لە ناوچەکەدا تووشی "شکستی ستراتیژی" بووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەڵوێستی توندی تارانى بەرامبەر هاتوچۆی نێودەوڵەتی لە گەرووەکەدا نیشان دا و گوتی: "گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو مافێکی سروشتیی ئێرانە، ئەم گەرووە بۆمبە ئەتۆمییەکەی ئێمەیە و بە توندی لەسەر ئەم هەڵوێستە شەرعییەی خۆمان دەمێنینەوە".

ئەم لێدوانانەی بەرپرسە ئێرانییەکە لە کاتێکدایە، تاران پێشتر رایگەیاندبوو، بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، بەکارهێنانی دەستەواژەی "بۆمبی ئەتۆمی" بۆ گەرووی هورمز، وەک ئاماژەیەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی شادەماری نەوتی جیهان لەلایەن ئێرانەوە وەک کارتێکی فشاری بەهێز.

لە کۆتایی قسەکانیدا، نیکزاد دەستکەوتە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، بەتایبەت پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 60%، بە هێمای شکۆمەندی زانستی ئێران وەسف کرد و داوای کرد لە رێگەی پلانەکانی سەرکردایەتییەوە، فشار و سزاکانی سەر وڵاتەکەی پووچەڵ بکرێنەوە.