قەرارگای خاتەمولئەنبیا بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا: کارێک مەکەن، پەشیمانی دادتان نەدات
فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ئاسایشی گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدایە و هۆشداریش دەداتە سوپای ئەمریکا، کە هەر هەوڵێکی نزیکبوونەوەیان بۆ ناو گەرووەکە، رووبەڕووی هێرشی توندی هێزەکانی ئێران دەبێتەوە.
دووشەممە 4ی ئایاری 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی (خاتەمولئەنبیا) رایگەیاند، چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە ئاسایشی گەرووی هورمز لە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. راشیگەیاند، لە هەر بارودۆخێکدا بێت، هەر جۆرە هاتوچۆیەک لەم رێڕەوەدا، دەبێت بە هەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی ئێران بێت.
عەبدوڵڵاهی هێرشی توندی کردە سەر ئەمریکا و سوپاکەی بە "تیرۆریست" و "دەستدرێژکار" ناوبرد و گوتی: "سەرکردە تاوانبارەکانی ئەمریکا و سوپاکەی کە ماوەیەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا خەریکی دزیی دەریایین و ئاسایشی بازرگانی و ئابووری جیهانیان خستووەتە مەترسییەوە، دەبێت ئەوە بزانن کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کردەوەدا سەلماندوویانە کە وەڵامی هەر هەڕەشەیەک لە هەر ئاستێکدا بێت، زۆر بە توندی دەدەنەوە."
فەرماندە ئێرانییەکە هۆشداری دایە هەموو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان کە لە هەر جۆرە جووڵەیەک بەبێ هەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە گەرووی هورمز دووربکەونەوە، بۆ ئەوەی ئاسایشیان نەکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها گوتیشی: "هۆشداری دەدەینە هەر هێزێکی بیانی بەتایبەت سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا، ئەگەر مەبەستیان بێت لە گەرووی هورمز نزیک ببنەوە یان بێنە ناوەوە، هێرشیان دەکرێتە سەر."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، عەلی عەبدوڵڵاهی داوای لە هاوپەیمانەکانی واشنتن کرد وریای هەنگاوەکانیان بن و خۆیان نەگلێننە ناو کارێک کە پەشیمانییەکی گەورەی لێبکەوێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو "کردەوە دەستدرێژکارییەکانی ئەمریکا بۆ تێکدانی بارودۆخی ئێستا، تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و ئاسایشی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە."
ئەم قسانەی فەرماندەی خاتەمولئەنبیا لە کاتێکدایە ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستیکردووە بە پشتگیریکردنی "پڕۆژەی ئازادی" و بەرەو گەرووی هورمز بەڕێکەوتووە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەرووی هورمز. راشیگەیاندووە؛ ئەم ئەرکە پشتگیریی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکات کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئازاد لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە تێپەڕن.