ئەمریکا، سەرۆک و دامەزرێنەری بزووتنەوەی نوجەبای خستە لیستی تیرۆرەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەڵمەتێکی گەڕانی چڕی بە دوای سەرۆک و دامەزرێنەری بزووتنەوەی نوجەبادا دەست پێکردووە و ئامادەییە بڕی تا 10 ملیۆن دۆلار ببەخشێتە هەر کەس و لایەنێک کە زانیاریی یەکلاکەرەوە لەسەر ناوبراو ئاشکرا بکات.
سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکیدا، ئەکرەم عەباس کەعبی، دامەزرێنەر و سەرۆکی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی، خستە لیستی تیرۆرەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، بڕی تا 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی وەک پاداشت تەرخان کردووە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی شوێن یان دەستگیرکردنی ئەکرەم عەباس کەعبی.
لە بارەی هۆکاری داواکردنی دامەزرێنەری گرووپەکە، وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئەندامانی سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا تێوەگلاون لە ئەنجامدانی چەندین هێرش بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق، هەروەها بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا.
وەزارەتەکە، ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشی ئەندامانی گرووپەکە بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژراوە و چەندین سەربازی ئەو وڵاتەش بریندار بوونە.