ئێران پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رەت دەکاتەوە
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پڕۆژەبڕیارەکەی واشنتن بۆ گەرووی هورمز سیاسییە و کێشەکان چارەسەر ناکات، داواش لە وڵاتان دەکات نەکەونە ژێر فشاری ئەمریکا و پڕۆژەکە رەت بکەنەوە.
چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر هەوڵە نوێیەکانی ئەمریکا لە نێو ئەنجوومەنی ئاسایش راگەیاند. تاران واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پڕۆژەبڕیارێکی "کەمکوڕ و سیاسی" پێشکەش کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تاکە چارەسەری گونجاو بۆ دۆخی گەرووی هورمز لە سێ خاڵدا کۆبووەتەوە، ئەوانیش، کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و گەڕاندنەوەی هاتوچۆی ئاسایی بۆ ناو گەرووەکە.
ئێران دەڵێت ئەمریکا لە ژێر پەردەی "ئازادیی دەریاوانی"دا دەیەوێت ئەجێندای سیاسی خۆی بباتە پێشەوە و "شەرعییەت بە کارە نایاساییەکانی بدات"، نەک ئەوەی بیەوێت قەیرانەکە چارەسەر بکات. بە گوتەی نوێنەرایەتی ئێران، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا زیاتر ئاڵۆزییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
لە پەیامەکەدا، ئێران داوای لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "لەسەر بنەمای مەنتیق، دادپەروەری و پرەنسیپ" بڕیار بدەن، نەک لەژێر کاریگەریی فشارەکانی ئەمریکا. هەروەها داوای لێکردن کە پڕۆژەبڕیارەکە رەت بکەنەوە و خۆیان بە دوور بگرن لە پشتیوانیکردن یان بوون بە سپۆنسەری ئەو پڕۆژەیە.
دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، مایک واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەبڕیارێکی نوێن بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز.
واڵتز ئاماژەشی دابوو، بڕیارنامە پێشنیازکراوەکە بە روونی داوا لە ئێران دەکات سێ کردەوەی سەرەکی رابگرێت، ئەوانیش کۆتاییهێنان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، راگرتنی چاندنی مینە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز و وازهێنان لە هەوڵەکانی تاران بۆ وەرگرتنی "باج و سەرانە" لە کەشتییە تێپەڕبووەکان.